لە عەنکاوە رێژەی سەوزایی زیاد دەکرێت

عەنکاوە_KDP.info_ قایمقامی قەزای عەنکاوە ئاشکرایکرد: دەستمان بە دروستکردنی پشتێنەیەکی سەوزایی لە قەزای عەنکاوە کردووە، لە ماوەی ڕابردوو قۆناغی یەکەم دەستی پێکرد، ئەمڕۆش دەستمان بە قۆناغی دووەم کرد .
ڕامی نوری، قایمقامی قەزای عەنکاوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ قۆناغی دووەمی پشتێنەی سەوزای عەنکاوە دەستپێکرا، پێشتر لە قۆناغی یەکەم هەزار دار چێندرا و ئەمڕۆش دەست بەچاندنی 500 داری دیکە کرا، چونکە دەمانەوێت پشتێنەیەکی سەوزایی دروست بکەین بەدرێژایی شەقامی 120مەتری و قۆناغێکی دیکەش دەمینێت ئەویش ڕەنگە بکەوێتە وەرزی بەهار.
ڕامی نوری گوتیشی: قۆناغی یەکەم بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی پارک و باخچەکان بوو، ئەم قۆناغەش بە هاوکاری ڕێکخراوێکە، بۆیە قۆناغی دووەم بەدرێژایی هەزار و 100مەتر داری دوو مەتری و دوو مەتر ونیوی داچێندرێن، دەمانەوێت پشتێنەیەکی سەوزایی لە عەنکاوە دروست بکرێت و سیستەمی ئاویان بۆ دانراوە و تەنکی ئاو دانراوە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی پارێزگار بە فەرمی دەست بە قۆناغی دووەم کرا.
نوری باسی لەوەشکرد: پلانمان وایە پشتێنەیەکی سەوزایی دروست بکرێت، لەناو عەنکاوە ڕێژەی سەوزایی زیاد بکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئێستا ڕێژەی سەوزایی گەیشتۆتە 30% و هێشتاش کاری لەسەر دەکرێت.
بڵند ئیبراهیم




