دوو پارێزگا سوود لە بەنداوی مەنداوە وەردەگرن

ئاکرێ_KDP.info_ بەڕێوەبەری ئاودێری ئاکرێ گوتی: بڕیاردراوە بەنداوی مەنداوە دروست بکرێت و پارەشی بۆ تەرخانکراوە، هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک سودی لێ وەردەگرن.
بەڕێوەبەری ئاودێری ئاکرێ، ڕەمەزان شەریف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەنداوی مەنداوە یەکێک دەبێت لە بەنداوە گرنگەکان لە هەرێمی کوردستان، بەنداوێکی گەورەیە و هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆکیش سودی لێ وەردەگرن، چونکە لەسەر زێی گەورە دروست دەکرێت، بۆیە دەتواندرێت لەڕووی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و کارەبا و ئاوی خواردنەوە سودی لێ وەربگیرێت، بۆیە ئێستا لە قۆناغی دیراسەکردن دایە، بەرزایەکەی 70مەتر دەبێت، لەبەر ئەوەی زێ ئاوێکی زۆری هەیە بڕیارە گەورەتریش بکرێت.
ڕەمەزان شەریف گوتیشی: نزیکەی 500ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە و خراوەتە ناو بودجەی عێراق و بە هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراق دروستی دەکەن، لیژنەیەک جارێکی دیکە سەردانی شوێنی بەنداوەکەی کرد و کاری ڕوپێوی بۆ کردووە، بۆیە لە بودجە پارەی بۆ تەرخان کراوە، ماوە دەست بە دروستکردنی بکرێت، مەزەندە دەکرێ لە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەست بە دروست کردنی بکرێت.
بڵند ئیبراهیم




