٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پرۆفیسۆر خالید حەیدەر: ناکۆکییە سیاسییەکان ڕێگرن لەبەردەم یاسای بودجە

سەرچاوە: KDP.info

پسپۆرێکی ئابووری پێی وایە ناکۆکییە سیاسییەکان ڕێگرن لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق و دەڵێ: ھەبوونی ھێزێکی زۆر و دەستوەردانیان لە حکوومەت کاروبارەکانی حکوومەتی پەکخستووە.

پرۆفیسۆر خالید حەیدەر، پسپۆری ئابووری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ئێمە لە وڵاتێکین ڕێککەوتنی سیاسی لەپێش یاسایە و  چەندین مانگە یاسای بودجەی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراوە و نەچووەتە بواری جێبەجێکردن، ھەر بەپێی ڕێککەوتنی سیاسیش کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی بودجەوە چارەسەر دەکرێن، ناھەمواری دۆخی عێراق و پارێزگاکان یەکێکە لە ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو پسپۆرەی ئابووری گوتیشی: ناکۆکی سیاسی لەنێوان دەسەڵاتدارانی عێراق ھەیە، ئەو ناکۆکییانە ئاستەنگن لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە، بەتایبەتی بۆچوون و کێشەی جیاواز ھەن لەسەر چەند بڕگەیەکی نێو یاساکە و ئەو کێشەیەی دروست کردووە لەنێوان پارێزگاکانی عێراق.

پرۆفیسۆر خالید حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێستا نرخی نەوت تا ڕادەیەکی زۆر بەرزە و ئەو پارەیەی حکوومەتی فیدڕاڵ لە داھاتی نەوت دەستی دەکەوێت پارەیەکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی خۆی، بەڵام ھەبوونی ھێزێکی زۆر و دەستوەردان لە کاروباری حکوومەتی عێراق وایکردووە حکوومەت نەتوانێت کاروبارەکانی وەک خۆی بەڕێوەببات و پەکی خستووە.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار