د.ڤیان سەبری: سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا گرنگە
__2023_10_22_h16m36s15__ER.jpg)
بەغدا_KDP.info_ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە گرنگە بۆ ئەوەی بتواندرێت لە نزیکەوە پێکەوە گفتوگۆ بکەن و کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی لەسەری بووە پابەندە وجێبەجێی کردووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دکتۆرە ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە لەنزیکەوە گفتوگۆ بکەن و هەر کێشەیەکی هەیە لە نێوانیان لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان چارەی بکەن و یاسای بودجە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
د.ڤیان سەبری گوتیشی: لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و بەغدا هەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ ئەوەی سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش پابەندی ڕێککەوتن بووە لەگەڵ بەغدا و هەرچی پێویستە جێبەجێی کردووە، پێویستە حکوومەتی عێراقیش پابەند بێت و پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.
د.ڤیان سەبری گوتیشی: ئەرکی حکوومەتی عێراقە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات بەپێی یاسای بودجە، چونکە لەیاسای بودجە پشکی هەرێمی کوردستان دیار کراوە ، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ هەر گرفتێک هەبێت گفتوگۆ و دانوستانە.
بڵند ئیبراهیم




