کانییە وشکبووەکانی هەرێمی کوردستان دەبووژێندرێنەوە

هەولێر_KDP.info_ بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان گوتی: دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەیەک دەکەین بۆ بوژاندنەوەی کانییە وشکبووەکان لە هەرێمی کوردستان، لە سەرەتاش لە هەریر دەست پێ دەکەین.
بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، دکتۆر کاروان هەورامی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەیەک لە هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ بووژاندنەوەی ئەو کانیانەی وشک بوونە، بڕیارە لە ناحیەی هەریر دەست بەو پڕۆژەیە بکەین، ئەو پڕۆژەیە بە هەماهەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی یونسێف ئەنجام دەدرێت، ئەمە وەکو ئەزموونێک دەبێت، دوای ئەوەی سەرکەوتوو بوو لە شوێنی دیکەش کاری لەسەر دەکەین، چونکە لەساڵانی ڕابردوو بەهۆی وشکەساڵی و لێدانی بیر کانیی زۆر وشک بوونە.
دکتۆر کاروان هەورامی گوتیشی: بە فەرمیی دەستمان پێ نەکردووە دەنا بە کرداری ئێستا کاری لێ دەکرێت، ئامانجیش ئەوەیە ئاوی بەفر و بارانی ئەو ناوچەیە کۆبکرێتەوە و ئاوەکە بگوازرێتەوە بۆ ڕەگی کانییەکە، دیارە پێشتر دیراسەکە کراوە ڕەگی کانیەکە لە کوێیە و لەوێوە ئاوەکە بۆ کۆگای کانییەکە دەچێت و ئاو بۆ کانییەکە دابین دەکات و دەبوژێتەوە.
هەورامی باسی لەوە کرد: ئەمە تەنیا بۆئەو ناوچانە نییە بەفر و بارانی لێیە، لە هەموو ناوچەکان ئەنام دەدرێت ئەگەر پێکهاتە جیۆلۆجیەکەی هاوکار بێت، بۆیە ئەوە هەنگاوێکی زۆر گرنگە و پڕۆژەیەکی بەسودە و جارێکی دیکە کانییە وشکبووەکان زیندوو دەکرێنەوە و سودیان لێ وەردەگیرێت.
دکتۆر کاروان هەورامی باسی لەوەشکرد: پڕۆژەیەکی زانستی دیکەیشمان لە هەولێر قۆناغی یەکەم و دووەم ئەنجامدا، بۆ گواستنەوەی ئاوی سەر زەوی بۆ ژێر زەوی، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند دەتوانین لەو تاقیکردنەوەیە سەرکەوتووبین و ئاوی ژێر زەوی ببوژێتەوە، چونکە ئامانجمان لەو پڕۆژەیە بوژاندنەوەی ئاوی ژێر زەوییە.
بڵند ئیبراهیم




