٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەریوان قەرەنی: ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی ھەرێم ئیجابی بوو

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی ھەرێم بۆ بەغدا ئیجابی بووە و حکومەتی ھەرێم ھیچ بیانووی بۆ بەغدا نەھێشتۆتەوە و کێشەکان بەرەو چارەسەر دەچن، بۆ ئەوەی بەغدا پشکی ھەرێم بەپێی یاسایی بوودجە ڕەوانە بکات.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، مەریوان قەرەنی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەردانی شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا گرنگیەکی زۆری ھەیە و ئەنجامێکی باشی ھەبوو، چونکە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای دروستبوونی ھەمیشە ئامادەی گفتووگۆ بووە بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی ھەرێمی کوردستان و داکۆکی باشی کردووە، بۆیە کۆبوونەوەی دوێنێ زۆر گرنگ بوو، ھاوکات لێکتێگەیشتنی باش ھەبووە و رێککەوتنی باشیش کراوە و بەرەو چارەسەری کێشەکان دەچن، ئەمەش بۆ ئەوەی کۆتایی بەوە بێت پشکی ھەرێمی کوردستان لە ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوە، واتا پشکی ھەرێمی کوردستان وەکو لە یاسای بوودجە ھاتووە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە چەندین خشتە کە پەیوەستە بە ئیستحقاقی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بوودجە و پشکی ھەرێمی کوردستان دەربچێت و چیتر مووچەی فەرمانبەران نەبێتە کێشە و بابەت".

مەریوان قەرەنی گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام شاند ڕەوانە دەکات بۆ ئەوەی ھیچ بیانووەک بۆ بەغدا نەمێنێتەوە، بۆیە ھەرچی پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێی کردووە و بیانوو بۆ بەغدا نەماوە پشکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکات، بۆیە ھەرچی داوایان کردووە حکوومەتی ھەرێم ڕادەستی کردووە، وەکو پەڕاو و وردبینی ڕادەستی چاودێری عێراقی کردووە و دەستخۆشیان لە حکوومەتی ھەرێم کردووە و ھەنگاوەکان بەرەو چارەسەر دەچن و کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت، بۆیە ئاماژەکان زۆر باشن و ئەنجامی سەردانەکەی زۆر باش و ئیجابی بووە".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار