"لەسەر رووفاتی جینۆسایدکراوانی کورد لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق دەکرێت"

جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد: لەسەر ئەنجام نەدانی پشکنین بۆ 171 رووفاتی جینۆسایدکراوی کورد لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق دەکرێت.
شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ماوەی چوار ساڵە 171 ڕووفاتی جینۆسایدکراوانی کورد لە پزیشکی دادی عێراقن و تا ئێستا چاوەرێی ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی دەکەین، بە بیانووی جیاواز پشکنینیان بۆ ناکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی یاسا ئەرکی پزیشکی دادە پشکنین بۆ رووفات و کەس و کاریان ئەنجام بدات و یەکلایان بکاتەوە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان گوتی: لەسەر پێشنیاری بەندە وەزیری تەندروستی عێراق بانگهێشتی لیژنە دەکرێت بە مەبەستی لێپرسینەوە، چونکە ناکرێت لەژێر هەر بیانوویەک پشکنین بۆ رووفاتەکان نەکرێت و پرۆسەکە دوا بخرێت.
شوان کەلاری ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پێموایە دواخستنی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ رووفاتەکان وەک زۆر پرسی دیکە بە سیاسی کراوە بۆیە دوا دەخرێت تا کار لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە نەکرێت، چەندین گۆڕی دیکەی بە کۆمەڵ هەنە و دیارن بەڵام هێشتا کاریان تێدا نەکراوە.
قائید میرۆ




