دکتۆر محەمەد شوکری: بۆ زیاتر ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان ئاسانکاری دەکرێت

هەولێر_KDP.info_ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گوتی: کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان گرنگ و بەرهەمدار بوو و تێیدا باس لە دروستکردنی نەخشەی وەبەرهێنان کرا و بڕیار درا چەندین پڕۆژە لە بواری جیاجیا ئەنجام بدرێن و ئاسانکاری بکرێت بۆ زیادکردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان: د.محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی زۆری هەبوو کە تایبەت بوو بە بواری وەبەرهێنان و تێیدا چەند بڕیارێکی گرنگ درا، وەکو دروستکردنی نەخشەی وەبەرهێنان، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا هەر کێشەیەک لەبەردەم دروستکردنی نەخشەکە هەبێت چارە بکرێت، ئەمەش دەبێتە ئاسانکارییەکی باش بۆ وەبەرهێنەران لە هەرێمی کوردستان چونکە لەڕێگەی ئەو نەخشەیە ڕۆتین لە وەبەرهێنان نامینێت و هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن سیستەمێکی تایبەت بەخۆی لە بواری وەبەرهێنان.
د.محەمەد شوکری گوتیشی: لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار لەبارەی کۆمەڵێک پڕۆژەی جۆراو جۆری بازرگانی، ئابووری، تەندروستی و چەند بوارێکی دیکە درا، بۆیە ئەو کۆبوونەوەیە زۆر گرنگ بوو و لە قازانجی وەبەرهێنەران لە هەرێمی کوردستان دابوو.
شوکری باسی لەوەشکرد: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 303 مۆڵەت بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەی وەبەرهێنان 75 پڕۆژە بووە لە کاتێکدا پێش ئەم کابینەیە ساڵانە 56 پڕۆژە مۆڵەتی پێدراوە، بۆیە ئێستا پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکان زیادی کردووە و کار دەکەن، بۆ ئەوەی زیاتریش بێت، ئەویش لەڕێگەی ئاسانکاریکردن بۆ وبەەرهێنان لەڕێگەی نەهێشتنی ڕۆتینەکان.
ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان کۆبووەوە و لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری وەبەرهێنان و پێشخستن و ڕاکێشانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و نەهێشتنی بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆ کرا.
بڵند ئیبراهیم




