٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ساڵح حەیدەر : لەڕێگەی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل تەواوی داواکاری شێخان گەیندراونەتە حکومەت

سەرچاوە: KDP.info

شێخان_KDP.info_  بەرپرسی لقی 20ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان گوتی: حکوومەتی هەرێم خزمەتێکی باشی قەزای شێخانی کردووە، بەڵام  حکومەتی عێراق وەکو پێویست خزمەتی شێخان ناکات، بۆیە لەڕێگەی ڕاپۆرتێک تەواوی داواکاری شێخان گەیندراوەتە حکوومەتی هەرێم.

بەرپرسی لقی 20ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان، ساڵح حەیدەر ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان درێغی نەکردووە لە خزمەتکردنی شێخان بەگشتی و لە کەلەکچی خزمەتی زۆری کراوە و هیچ گوندێک نەماوە  ڕێگاکەی چاک نەکرێت، کار بۆ ناحیەی قەسرۆک و باعدرێ کراوە، سەنتەری قەزای شێخان پێویستی بەخزمەتی زیاتر هەیە، ئەویش  بەشێکی سەر بە ئیدارەی مووسڵە و بەشێکی سەر بە هەرێمی کوردستانە، دوو شارەوانی و دوو کشتوکاڵ و دوو تاپۆی هەیە.

گوتیشی: دوای ئەوەی ئێمە هاتووین بۆ شێخان زۆر دانیشتنمان کردووە، لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت دووجار و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و لەگەڵ پارێزگار و مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک، جارێکیش تیمی وەزاری هاتە ئێرە و پێش چەند ڕۆژێکیش کۆبوونەوەیەکی دیکە لە دهۆک ئەنجامدرا و ئەو بابەتە باس کرا، بۆیە ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی قەزای شێخان و لیژنەکانی ناوچەکانمان لە هەر شوێنێک و لە هەر کەرتێک پێویستی بە هەر خزمەتێک هەبێت کردوومانەتە ڕاپۆرتێکی هاوبەش، بۆیە کۆپیەکمان بۆ پارێزگار و کۆپیەک بۆ مەکتەبی ڕێکخستن و کۆپیەکیش بۆ ئەنجومەنی وەزیران نێردراوە و کاری لەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەی داواکاری قەزای شێخان جێبەجێ بکرێت.

ساڵح حەیدەر گوتیشی: بڕیارە بودجەیەک بخرێتە بەردەستی قایمقامی شێخان بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی شێخان بکرێت وکارێکی باشیش کراوە ،بەڵام سەنتەر پێویستی بە خزمەتی زیاتر هەیە ودەمانەوێت خزمەتی زیاتری سەنتەری شێخان بکرێت ، چونکە لەموسڵ وەکو پێویست خزمەتی شێخان ناکرێت کە 98هەزار کەس لەسنوری شێخان سەر بەموسڵن وئەوان بۆبودجە 46هەزاریان هەژمارکردووە،  ئەمە یەکێکە لەنموونە وکێشە هەیە ، بۆیە ئێمە بەردەوام لەسەر خەتین لە گەڵ حکومەت وحیزب بۆ ئەوەی خزمەتێکی باش بۆ شێخان بکرێت .

حەیدەر باسی لەوەشکرد: کۆمەڵێک پڕۆژەی باش لە لایەن حکوومەت بۆ شێخان ڕەزامەندی لەسەر دراوە وەکو ئۆڤەرپاسی شێخان و نەخۆشخانەی شێخان و وێستگەی کارەبا و ڕێگای دووساید و ڕێگایەک بەدەوری شێخان بسوڕێتەوە و شارێکی هاوچەرخ لە شێخان دروست بکرێت، بۆیە هەنگاوی باش نراوە و ئومێدێکی گەورەمان هەیە خزمەتێکی باشی شێخان بکرێت.

گوتیشی: چاوەڕێ دەکەین فەرمانی خەرج کردنی بودجە بدرێت و لێی دڵنیایین، هەر چەندە بەغدا کێشەی گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەمی لێ دەخوات و کار دەکات گرفتەکانمان چارەسەر بکرێت، بۆیە بەردەوام لەسەر خەت دەبین تا ئەو داواکارییانەی ئێمە کردوومانە جێبەجێ بکرێن.

بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار