"ژمارەی بانکە بازرگانییەکان کەم دەکرێنەوە"

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەگەڵ کردنەوەی بانکی نیشتیمانی ژمارەی بانکە بازرگانییەکان کەم دەکرێنەوە، گوتیشی: ئێستا دوو بانک لە ھەولێر تایبەتکراون بە دروستکردنی ھەژماری من بۆ فەرمانبەران.
مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ھەرێمی کوردستان ٩٤ بانکی بازرگانی ھەن و لەگەل کردنەوەی بانکی نیشتیمانی ژمارەی بانکە بازرگانییەکان کەم دەکرێنەوە، چونکە بەپێی سیستەمی نوێ پێویستی بەو ژمارە بانکە نییە، بە تایبەتی لەدوای کاراکردنی ھەژماری من کارئاسانی زۆر دەکرێت و ژمارەی بانکەکان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.
بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان گوتی: بە مەبەستی بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەی فەرمانبەران بڕیارە یەک ھەزار و ٢٠٠ ئامێر PM جێگیر بکرێن تا ھەموو فەرمانبەران سوودمەند بن لە ھەژماری من و مووچەکانیان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دابەش بکرێت.
مەولود سابیر ڕوونی کردەوە: ئێستا تەنیا لە شاری ھەولێر دوو بانک تایبەتکراون بە دروستکردنی ھەژماری من ئەوانیش بانکی بێخال و بانکی زانکۆن لە ڕێگەی لینکێکەوە بۆ فەرمانبەران دەچێت و دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن و ببنە خاوەن ھەژماری من.
قائید میرۆ




