دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێن

مووسڵ_KDP.info_ نوێنەرێکی پارێزگای مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد: لەسەر داواکاری فراکسیۆنی پارتی سەرجەم دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی ناوچە کوردستانییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێن.
شێروان دووبەردانی ، نوێنەری پارێزگای مووسڵ و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای داواکردنی دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان ئەوانەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن لە مووسڵ و کەرکوک و دیالە، وەزیری تەندروستی حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنیان داوە و ئەوانەی دەنەمەزراون سەرجەمیان دادەمەزرێن.
شێروان دووبەردانی گوتیشی: ڕێکارەکانی دامەزراندنی دەرچووانی سنووری پارێزگای مووسڵ تەواو بووە و هی پارێزگاکانی دیش کە تەواو بوو دادەمەزرێن، ئەوەی گرنگە دەرچوونی بڕیاری دامەزراندنیانە، هەرکاتێک ڕێکارەکانیان تەواوکرد دادەمەزرێن، کە ژمارەیان هەزاران کەس دەبێت و لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەرچوونە.
بڵند ئیبراهیم




