"رێگە نادەین دۆسیەی شەهیدانی خۆپیشاندانی کەرکووک بەلاڕێدا ببرێت"

کەرکوک_KDP.info_ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، رێگە نادەن دۆسیەی شەهیدانی خۆپیشاندانی کەرکووک بەلاڕێدا ببرێت، هەر بۆیە ئەو لیژنەی پێکهاتبوو کارەکانی بەپێی یاسا نەکرد، گۆڕانکاری لە لیژنەکەدا کراوە وسەرۆکوەزیرانی عێراقیش بەڵێنی داوە ئەو تاوانە بەبێ سزا تێپەر نابێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا لە مەڕاسیمی چلەی شەهیدانی دووی ئەیلولی خۆپیشاندانەکەی کەرکووک رایگەیاند، ئەولیژنەی بۆ لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکەی کەرکووک پێکهاتبوو کارەکانی بەپێی یاسا جێبەجێ نەکردووە و دەستکاری لیژنەکەیان کردووە، بۆیە بەڵێن بێت رێگە نادەن دۆسیەی شەهیدانی خۆپیشاندانی کەرکوک بەلارێدا ببرێت.
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا ڕوونیشیکردەوە ، ئێمە تێبینیمان لەسەر لیژنەی لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکەی کەرکووک هەبوو بەپێی یاسا کار ناکەن و داوامانکرد گۆڕاانکاری تێدا بکرێت، بۆیە دواتر لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراقمان نارد و لیژنەی ئاسایش و بەرگریش داوای لە حکوومەت کردووە راپۆرتیان پێشکەش بکەن لەبارەی ڕووداوەکە بۆ ئەوەی لەسەر ئەوبنەمایە بڕیاری تاوانبارکردنی ئەو هێزانە بدرێت کە دەستیان لەشەهیدکردنی هاووڵاتیانمان هەبووە.
دەشڵێ، ئێمە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر خەتین بەجۆرێک گەیشتە ئاستێک سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شەیاع سودانی هەمان ڕۆژ پەیوەندی بە سەرۆک بارزانی کرد کە تاوانباران بەسزای خۆیان دەگەینن و ئەو تاوانە بەبێ سزا تێپەر نابێت.
رۆژی دووی ئەیلول لەخۆپیشاندانەکەی کەرکوک چوار هاووڵاتیی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵاو، هەڤاڵ ستار و سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، شەهیدکران و نزیکەی 15 کەسی دیکە برینداربوون.
بڵند ئیبراهیم




