د. ھێمن ھەورامی پێشوازیی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە ماورێتزێۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
ئەمڕۆ چوارشەمە ٢٠٢٣/١٠/١١، د. ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە ماورێتزێۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا پرسی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کرا و د. ھێمن ھەورامی، تێڕوانین و سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان و پێویستیی بەڕێوەچوونیان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا خستەڕوو و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردنەکان بە پێویست زانی.
ھەر لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر پرسی بوودجە و کۆسپەکانی بەردەمی ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە نابێ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بەھیچ بابەتێکی دیکەوە ببەسترێتەوە و لەسەر حکوومەتی عێراقە ئەم پرسە چارەسەر بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، پرسی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ئەمنیی ئیقلیمی و ناوچەکە، لێکدانەوە و کاردانەوەکانی، بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕ کرا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیتاڵیا و پەرەپێدانی زیاتریان لەسەرجەم بوارەکاندا، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.




