٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: هەژماری من ئاسانکاری زۆر دەکات بۆ پێدانی مووچە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە 11/10/2023، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی تۆمارکردن لە پرۆژەی (هەژماری من)ی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێر بەسەر کردەوە و لە وتارێکدا جەختی لە گرنگیی پرۆژەکە کردەوە.

دەقی وتاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان

بەڕێزان

ئێمە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری ئەوەمان داوە كە بەرنامەی (هەژماری من) دروست بكەین بۆ ئاسانكاریكردنی پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دواتر بۆ هەموو كەرتی تایبەتیش ئەمە بگرێتەوە كە بێگومان ئاسانكارییەكی زۆر دەكات بۆ پێدانی مووچە و بۆ ئەو خزمەتگوزارییە بانكییانەی كە هەموو هاووڵاتییان دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.

ئەم پرۆژەیە لە چەندین قۆناغ پێك دێت. قۆناغی یەكەم لە سەرەتاوە بۆ تاقیكردنەوە بوو كە لە نەخۆشخانەیەكەوە دەستمان پێ كرد پێش چەند مانگێك، تاوەكوو ئێستا بە سەركەوتوویی ئەم پرۆژەیە بەردەوامە. دوای ئەمە قۆناغی دووەم ئەوە بووە كە بە فەرمی ئێستا ئێمە ڕایدەگەیەنین كە پرۆسەی (هەژماری من) بكەوێتە كار، كە لە 3ی ئەیلوولەوە دەستی پێ كردووە و تاوەكوو ئێستا 65 هەزار كەس تۆمار كراون و خەریكە لێرەوە سەردانی یەكێك لە بنكەكان دەكەین كە چۆن تۆماری فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

ئومێدمان وایە تا كەمتر لە دوو ساڵ، ئەمە هەموو فەرمانبەرانی كەرتی گشتی بگرێتەوە، لە هەمان كاتدا هەوڵی ئەوەشمان داوە كە لەگەڵ بانكەكانیش ڕێك بكەوین و كەرتی تایبەتیش بخرێتە ئەم پرۆسەیەوە.

ئێستا لە هەولێر دەست پێ دەكەین، بەڵام لە ماوەیەكی زوو لە دهۆك و سلێمانییش دیسان ئەو پرۆسەیە دەكەوێتە كار، كە هیوادارین هەروەكوو باسم كرد، هەموو فەرمانبەران بتوانن لە كەمتر لە دوو ساڵ، بتوانن سوودمەند بن لەم پرۆژەیە.

تاوەكوو ئێستا سێ بانكی هەرێمی كوردستان بەشدارن و هەندێك بانكی تریش لە گفتوگۆدان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بتوانن لەم پرۆژەیەدا بەشداری بكەن. ئەمە سوودێكی زۆریش بۆ بانكەكان دەهێنێت، بێگومان فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یان خەڵكی تریش لە كەرتی تایبەت دەتوانن سوودمەند بن هەروەكوو باسم كرد.

لە ماوەیەكی نێزیكدا ئەوانەی كە تۆمار دەكرێن كارتیان پێ دەدرێت لەلایەن بانكەكانەوە بۆ ئەوەی بتوانن سوود لە كارتەكانی خۆیان وەربگرن، بەڵام ئەوەی كارتی هەیە، دەبێ شوێنێكیش هەبێ كارتەكە بخوێنێتەوە. لەبەر ئەوە بەرنامەی حكوومەتیش ئەوەیە كە لەگەڵ هەموو ئەو شوێنانەی كە پێویستە، هەم ڕێگەی ATM)) بۆ ڕاكێشانی پارەیە، یان ئامرازی خوێندنەوەی كارتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانە، لەوانەی خاوەن كارتی بانكین، بتوانن بە شێوەی كارت نەك بە شێوەی كاش، ئیشوكاری خۆیانی پێ ڕاپەڕێنن.

ئەمە ئاسانكارییەكی زۆر دەكات لە كڕین و مامەڵەی ڕۆژانە بۆ هاووڵاتیان، بەڵام لە هەمان كاتدا یارمەتیدەرێكی زۆریش دەبێت بۆ ڕێگریكردن لە گەندەڵی و لە سپیكردنەوە و لە پێدانی مووچەش لە كاتی خۆی، ئیشەڵا ئەم كێشەیە ئیتر بە شێوەیەكی بنەڕەتی تەواو بێت.

ئێمە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی، لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیران، لەگەڵ پارێزگاری بانكی مەركەزیی عێراقی لەسەر خەتین، خۆم چەندین جار لەسەر ئەم بابەتە قسەم كردووە و بۆیانم باس كردووە كە ئەمە وەكوو پرۆژەی هەرێمی كوردستان ئەگەر سەركەوتوو بێ، هەموو عێراقیش دەتوانێ سوودی لێ وەربگرێت. ئەوانیش زۆریان پێ خۆش بووە و ئاسانكاریی زۆریان بۆ كردووین و پشتیوانیی خۆیشیان بۆ ئێمە دەربڕیوە. من لێرەوە جێی خۆیەتی سوپاسی بەڕێز وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بكەم كە پشتیوانە و بەڕاستی جێی دەستی دیارە و پشتیوانی ئەم پرۆژەیە بووە. هەروەها ئەو بەڕێزانەی كە لە ئۆفیسی سەرۆك وەزیران لەسەر ئەم پرۆژەیە كارێكی زۆر جددییان كردووە، بەشی زانیاری و تەكنەلۆژیا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە ئەوانیش ڕۆڵێكی زۆریان بینیوە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.

هیوادارم كە ئەم پرۆسەیە لە ماوەیەكی كورتدا هەموو فەرمانبەران بگرێتەوە و لە ماوەیەكی نزیكیشدا كەرتی تایبەتیش بێتە ناو ئەم پرۆسەیەوە، ئەمە یارمەتییەكی تریش دەدات بۆ ڕاكێشانی گەشتیاران، چونكە لەوانەیە هەموو كەسێك پێی خۆش نەبێت كاش لەگەڵ خۆی بهێنێت، بەڵام ئەگەر كارتەكەی پێ بێت، لێرەش كارتەكەی بتوانێت بخوێندرێتەوە و بتوانێ ئیشی پێ بكا و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە بانك هەیەتی، بتوانێ بۆیان جێبەجێ بكات، بێگومان ئەمەش دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ ڕاكێشانی ژمارەیەكی زیاتری گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان.

من جارێكی تر دەستخۆشی لە ئەم تیمانە دەكەم و هیوادارم هەموو ئەو بەڕێزانەی كە بەشدار دەبن لەم پرۆسەیە، سوودمەند بن. بێگومان تەنیا بابەتی پێدانی مووچە نییە، من دەمەوێ ئەوەش بە هاووڵاتیانی خۆشەویست ڕابگەیەنم كە سیستەمی بانكی و بەدیجیتاڵكردنی سیستەمی بانكی، دروستكردنی ژێرخانێكی سەقامگیری ئابوورییە بۆ هەرێمی كوردستان كە بانكەكان دەتوانن زۆربەی ئەو خزمەتگوزارییانەی كە خەڵكی تر لە شوێنە پێشكەوتووەكان لە خزمەتگوزارییە بانكییەكان وەری دەگرن، لێرە لە هەرێمی كوردستانیش خەڵكی ئێمە بتوانێ سوودمەند بێ لەو خزمەتگوزارییانەی كە بانكەكان پێشكەشی دەكەن. بێگومان سوودی بۆ بانكەكانیش دەبێ چونكە سەرمایەیەكی زۆر بۆ بانكەكان دەگەڕێتەوە.

 

جارێكی تر من دەستخۆشیتان لێ دەكەم و هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن.

 

زۆر زۆر سوپاس.

هەواڵی پەیوەندیدار