دەستەی وەبەرھێنان: ھیچ پڕۆژەیەکی نوێ ڕانەگیراوە

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ھیچ پڕۆژەیەکی نوێ لەکارکردن ڕانەگیراوە و ئەو پڕۆژانەی ئێستا چوونەتە بواری جێبەجێکردن پێشتر مۆڵەتی پڕۆژەیان ھەبوویە.
بەرگەشت ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتی وەبەرھێنان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەو پڕۆژانەی ئێستا جێبەجێ دەکرێن پێشتر مۆڵەتیان لە دەستەی وەبەرھێنان وەرگرتوە، بەڵام دوای بڕینی ڕێکارەکان دەستبەکار بوونە، چونکە ئێستا مۆڵەت بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون ڕاگیراوە و بڕیارە بە ڕێنمایی دەست بە پێدانی مۆڵەت بکرێت بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون ئەوانەی دەکەونە چوارچێوەی کەرتی وەبەرھێنان.
بەرگەشت ئاکرەیی گوتیشی: ھیچ پڕۆژەیەک لەچوار ساڵی ڕابردوودا بە نیوەچڵی بەجێنەماوە کە کاری تێدا ڕاگیرابێت، ئێمە ژمارەیەک پڕۆژەی نیشتەجێبوونمان ھەن چەندین ساڵە کاریان تێدا ڕاگیراوە و کێشەیان ھەیە، بەڵام پڕۆژەکانی چوار ساڵی ڕابردوویان لەگەڵ نییە، ھەوڵێکی زۆریش ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لەو پڕۆژانەی ڕاگیراون.
قائید میرۆ




