سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە.
بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق تایبەت بوو بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، هاوکات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کێشەکان سیاسیین و پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و رێککەوتنەکان چارەسەر بکرێن.
مەسرور بارزانی لەو دیدارەدا دووپاتی کردەوە، کە پێویستە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەکی فیدڕاڵ پارێزراو بن.
لەلای خۆیەوە، باڵیۆزی بەریتانیا ستایشی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بەتایبەتی لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاماژەی بە پێشکەوتوویی داتا سەنتەری ناوەندی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکوومەت کرد کە پێویستە ببێتە نموونە بۆ هەموو عێراق و حکوومەتی فیدراڵیش، سەنتەر و دامەزراوەی پێشکەوتووی هاوشێوە دابمەزرێنێت.
هەر لەو دیدارەدا، باڵیۆزی بەریتانیا بە رێز و پێزانینەوە باسی لە دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و ئازادی ئایینی لە هەرێمی کوردستان کرد.




