٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"دوای سێ ساڵ ھێشتا ھیچ بڕگەیەکی ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە"

سەرچاوە: KDP.info

نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ لە بەغدا ئاشکرایکرد: دوای سێ ساڵ ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال بۆ ئاسایی کردنەوەی ڕەوشی شنگال ھیچ بڕگەیەکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.

سێ ساڵ بەر لە ئێستا ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ ڕێککەوتننیان ئیمزا کرد بۆ ئەوەی ڕەوشی شنگال ئاسایی بکرێتەوە، لەوبارەیەوە لیوا عەبدولخالق تەلعەت نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە بەغدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێستا سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕێککەوتنی شنگال بۆ دەرچوونی ھێزە چەکدارە نایاساییەکان لە شنگال، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردن و ئەو لایەنەی بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی نێو ڕێککەوتننامەی شنگال پابەند نییە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننەکە.

لای خۆیەوە مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ڕێککەوتنی شنگال ھەنگاوێکی باشە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، چونکە ڕێگە لە کارە نایاساییەکان دەگرێت و دەبێتە ھۆی ئاسایی بوونەوەی ڕەوشی شنگال، بەداخەوە بەھۆی ئاڵۆزییەکانی شنگال خەڵکی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە و مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە.

مەحما خەلیل گوتیشی: ئێمە چەندین پڕۆژەمان بۆ شنگال بەدەستھێناوە و دەمانەوێ شنگال سەرلەنوێ ئاوەدان بکرێتەوە، بەڵام بەبێ ھەبوونی سەقامگیری ئەستەمە پڕۆژەکان سەربگرن، ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال بۆ ئەوەی دەرگا بەڕووی چارەسەرکردنی کێشەکان بکەینەوە و جارێکی دیکە دەڤەرەکە بنیات بنێینەوە.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار