پیشەوەرانی بەردەڕەش سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن

بەردەڕەش _KDP.info_ پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگا ناوخۆییەکانی پیشەسازی نوێی بەردەڕەش لە قۆناغی کۆتایی دایە، ئێستا سەب دەکرێت، پیشەوەرانیش دڵخۆشن بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە و سوپاسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، چیتر لە وەرزی زستان لەکاتی هاتنی باران بارین گرفتیان بۆ دروست نابێت.
نوێنەری پیشەوەرانی پیشەسازی بەردەڕەش، مەولود وایەرمەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: زۆر سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ جێبەجێ کردنی ئەو پڕۆژەیە لە ئیدارەی قەزای بەردەڕەش کە قایمقام و سەرۆکی شارەوانی زۆر پاڵپشتی ئێمەیان کرد، تا پڕۆژەکە جێبەجێ کرا و بەڵێنی خۆیان بەجێ گەیاند، هیوادارین پێش هاتنی باران بارین تەواو بکرێت.
مەولود وایەرمەن گوتیشی: ئەو پڕۆژەیە بۆ پیشەوەران زۆر گرنگ بوو، چونکە وەرزی زستان بەهۆی قوڕ نەیاندەتوانی باش کار بکەن، ئێستا دەتوانین بەبێ کێشە کارەکانی خۆمان ئەنجام بدەین.
لای خۆشیەوە نافع نادری پیشەوەر، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: زۆر دڵخۆشین پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگا ناوخۆییەکانی پیشەسازی بەردەڕەش چاککراوە ئێستا لەقۆناغی سەبکردن دایە، بۆیە سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەو پڕۆژە گرنگە، چونکە لە وەرزی زستان خۆشییمان نەبوو بەهۆی خراپی ڕێگاکان، ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان کێشەکەی چارەسەرکردووە، بۆیە ئەمە جێگەی دەستخۆشییە و سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.
بە گوتەی کۆمپانیای جێبەجێکار ماوەی دوو ڕۆژە دەست بە سەبکردنی ڕێگا ناوخۆییەکان کراوە و هەوڵ دەدەن تا کۆتایی ئەم مانگە هەموو ڕێگا ناوخۆییەکانی پیشەسازی بەردەڕەش سەب بکرێت و کۆتایی بە پرۆژەکە بێت و بخرێتە خزمەت پیشەوەرانی بەردەڕەش.
بۆ پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگا ناوخۆییەکان و ئاوەڕۆی پیشەسازی بەردەڕەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری تەرخانکردووە.
بڵند ئیبراهیم




