٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جۆزێف سلێوە: هەندێک کەس و لایەن نایانەوێت پێکەوەژیان لە دەشتی نەینەوا هەبێت

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ_KDP.info_  نوێنەرێکی مەسیحیەکان دەڵێت: بەداخەوە ئێستا دەشتی نەینەوا بۆتە شوێنی ململانێی سیاسی و هەندێک کەس و لایەن نایانەوێت ئەو پێکەوە ژیانەی هەیە بەردەوام بێت ، بۆیە ئەوەی کە پشتگیری لە پێکهاتەکان دەکات  هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانن، ئەگەر وا بڕوات داوای پاراستنی نێودەوڵەتی دەکەین.


پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە پێکهاتەی مەسیحی، جۆزێف سلێوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: میللەت لە دەشتی نەینەوا  دەیەوێت  بە ئاسودەیی و بە تەبایی پێکەوە بژین، بە داخەوە هەندێک لایەنی سیاسی هەندێک وڵاتی هەرێمی فەرمانیان پێدەکەن و دەیانەوێت ئەو پێکەوەژیانەی دەشتی نەینەوا نەمینێت،ئێستا دەشتی نەینەوا ململانێی سیاسی گەورەی هەیە و پێکهاتەکانیش قوربانین، بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دەشتی نەینەوا لە ململانێی سیاسی دووربێخن، نابێت ئاژاوەی لێ دروست بێکرت،پێویستە پێکەوەژیان بەردەوام بێت.
جۆزێف سلێوە گوتیشی: ڕۆڵی  هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە گرنگ بووە و داواکارین لە سەرکردایەتی هەرێم زیاتر گوێ لەوانە بگرن ڕاستگۆن و لەگەڵ پێکەوەژیانن، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆریان بە پێکهاتەکان داوە ئەوەش تازە نییە و هیوادارین بەردەوامبێت ئەو پێکەوەژیانە، لەبەر ئەوەی  چارەنووسی ئێمە وەکو کلدوئاشووری لەگەڵ کورد یەک چارەنووسە و زۆرینەی ناوچەکانی ئێمە لەناوچە کوردستانیەکانن، بۆیە هیوادارین پێکەوە بەردەوام بین و کاری هاوبەش بکەین.
سلێوە باسی لەوەشکرد: هەموو حکوومەتەکانی عێراقی تا ئێستا عەقلیەتێکی شۆڤینی هەبوو بۆ بەڕێوبردنی وڵات، بۆیە ئێمە هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەمان دەبێت و لە چەند رۆژی داهاتوو بە ئینساف مامەڵەیان لەگەڵ کارەساتی بەغدیدە نەکرد کە یەکەم و دواین کارەسات نییە، ئەو کات هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین و داوای پاراستنی نێودەوڵەتی دەکەین.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار