عەلی عەونی: پێویستە دەستەیەکی دادوەران دروست بکرێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن

ڕۆژی سێشەممە لقی ٦ی ئەوروپای پارتی وێبنارێکی بۆ عەلی عەونی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان سازکرد، ناوبراو تیشکی خستە سەر پەیمانی لۆزان و بەندەکانی ئەو پەیمانە، لەبارەی کوردستانیش گوتی: دوای سەد ساڵ یەکێک لە بڕگەکانی پەیمانی سیڤەر جێبەجێ کرا ئەویش ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان بوو.
لەسەرەتای قسەکانیدا عەلی عەونی رایگەیاند: ١٢٣ ساڵ بەسەر پەیمانی سیڤەردا تێدەپەڕێت کە بەگوێرەی بەندەکانی ٦٢و ٦٣و ٦٤ دەکرێت ڕاپرسی لە کوردستان بکرێت بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، بەداخەوە بەھۆی چاوچنۆکی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ئەو ڕاپرسییە نەکرا و ڕێگربوون کورد بگاتە ئامانجی خۆی، کورد ھەرگیز ژێردەستەیی قبووڵ نەکردووە و خۆی لە ھیچ گەلێکی دیکە بە کەمتر نازانێ، ئێمە دوای سەدساڵ لە پەیمانی سیڤەر یەکێک لە بڕگەکانی ئەو پەیمانەمان جێبەجێکرد وەک ئەوەی ئەوان خۆیان لێ دزییەوە، بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی ڕاپرسی و گشتپرسییەکە چەند ئامانجێکی پێکا، یەکێک لەو ئامانجانە ئەوە بوو زۆر جار دەیانگۆت نازانین کورد چی دەوێت، بەڵام بەو ھەنگاوە ئاشکرابوو زۆرینەی کورد داوای دەوڵەتی سەربەخۆ دەکات، ھەروەھا بۆ ھەموو لایەک دەرکەوت کێشەی کورد لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی چارەسەر دەبێت.
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی گوتی: ئێمە ھەموو حیسابێکمان بۆ دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفڕاندۆم کردبوو تەنھا بیرمان لەوە نەکردبووەوە خیانەت بکرێت، بەدرێژایی مێژووی گەلی کورد کەم سەرۆک ھەبوونە وەک سەرۆک بارزانی خۆڕاگر و بەھێزبێت، سەرەڕای ئەو ھەموو ھەرەسانەی لە کاتی ڕیفراندۆم کرا، بەڵام سەرۆک بارزانی تەسلیمی ھیچ فشارێک نەبوو، لە نامەیەکدا ئەوکاتی تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوە نووسیبووی پرۆسەی ڕیفراندۆم دوا بخرێت، ئەگەر دوای دووساڵ دانوستان نەگەیشتنە ئەنجام ڕێز لە بڕیاری ئێوە دەگرین، سەرۆک بارزانی لە وەڵامدا فەرمووی ئەمە نیشانەیەکی باشە، بەڵام لە جیاتی وشەی رێزگرتن بنووسن پشتگیریتان دەکەین، لە وەڵامدا ئەوان ئامادە نەبوون وشەکە بگۆڕن و گوتیان نازانین وشەکە بگۆڕین سەرۆک بارزانی پێی راگەیاندن ئێوە نەتوانن وشەیەک بگۆڕن چۆن بتوانم پرۆسەکە ڕابگرم کە خواستی گەلی کوردستانە.
عەلی عەونی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئێمە لەکاتی دەستپێکردنی شۆڕش مۆڵەتمان لەکەس وەرنەگرت، تەنھا مۆڵەتمان لە میللەتی خۆمان وەرگرت، لەبەر ئەوەیش ھیچ کات درێغی ناکەین بۆ بەرگری لە میللەتەکەمان، دەمانەوێ ئەو مرۆڤانەی ڕووخاون دروستیان بکەینەوە و بەخۆیاندا بچنەوە.
لەبارەی پرۆسەی ھەڵبژاردنیش عەلی عەونی گوتی: پێویستە ئێمە ئامادەکاری بکەین بۆ دروستکردنی لیژنەیەکی دادوەری دەستپاک، ئەگەر پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە نەچوو، تا ئەو لیژنەیە پرۆسەکە بەڕێوە ببات، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕانکاری دەچێت و نەخشەی ناوچەکە بەرەو گۆڕانکارییە، شەڕی ئێمە بەر لەوەی لەسەر مووچە و بودجە بێت شەڕە لەسەر جوگرافیای کوردستان، لەسەر باڵادەستی کورد لەسەر ئەم خاکەیە.
قائید میرۆ




