جێگری پارێزگاری ھەولێر: بەرزاییەکانی کەسنەزان دەکەینە ناوچەیەکی گەشتیاری

ھەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر رایدەگەیەنێت، ژمارەیەک پۆندی ئاو لە نزیک شاری ھەولێر کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن و کاریگەریان لەسەر ئاوی ژێر زەوی دەبێت و دەشڵێ، بەرزاییەکانی کەسنەزان دەکەینە ناوچەیەکی گەشتیاری.
مەسعوود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "حکوومەتی ھەرێم گرینگیەکی زۆر بە دروستکردنی پۆند و بەنداو دەدات لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک پۆند لە دەوروبەری سەنتەری شاری ھەولێر دروست دەکرێن، ئەو پۆندانە وەک بەنداوی بچووک بۆ مەبەستی جیاواز سوودی لێوەر دەگرین لەوانەش وەک کەرتی گەشتوگوزار و گلدانەوەی ئاو و پاراستنی ھەولێر لە لافاو ھەروەھا بۆ مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێر زەوی".
جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی: "لە بەرزاییەکانی کەسنەزان و پشتی گەڕەکی ھەولێری نوێ و دارەتوو لەگەڵ بنەسڵاوە پۆند دروست دەکرێن، ئەو پۆندانە ھەولێر دەپارێزن لە لافاو، ھەروەھا کاریگەریەکی زۆریان لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێر زەویش دەبێت".
مەسعوود کاڕەش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئەوەی لە بەرزاییەکانی کەسنەزان جێبەجێ دەکرێت پۆندێکی گەورەیە و دەکەوێتە نزیک مۆنۆمێنتی کەسنەزان بەتەواوبوونی جگە لە سوودەکانی بۆ ئاوی ژێر زەوی ناوچەکە دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و روویەکی جوان بە شاری ھەولێر دەدات بەوەی گەشتیاری زۆر سەردانی ئەو شوێنە دەکات لە نزیک ھەولێر".
قائید میرۆ




