تیمەكانی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر لە دەرگەی ماڵەكان دەدەن و دار دەبەخشن

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە سەنتەری شاری هەولێر، زیاتر لە شەش هەزار دار دەبەخشێتە ئەو ماڵانەی ئارەزووی چاندنی دار لە پێش دەرگە یان لەنێو ماڵەكانیان دەكەن.
ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر ڕایگەیاند: لە سنووری هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانی لە سەنتەری شاری هەولێر، هەڵمەتێكی فراوانی چاندنی دار لە گەڕەك و شوێنە گشتییەكان دەستپێكردووە.
بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر دەشڵێت: جگە لە هەڵمەتی چاندنی دار لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێرەوە، هاوكات زیاتر لە شەش هەزار دار دەبەخشینە ئەو ماڵانەی كە دەیانەوێت دار بچێنن، بۆ ئەو مەبەستە تیمەكانمان لە گەڕەكەكان دەگەڕێن و لە دەرگەی ماڵەكان دەدەن و دار دەبەخشن.
ئەو دارانە بەرهەمی نەمامگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارن و لە چوارچێوەی پلانی وەزارەت بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر بەرهەم هێنراون و لە گەڕەك و شوێنە جیاوازەكانی شاری هەولێر دەچێندرێن.




