٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"گوشاری سەربازی لەسەر جووتیارانی سەرگەڕان ھەیە"

سەرچاوە: KDP.info

چەند ڕۆژێکە ھێزە سەربازییەکانی عێراق ڕێگری لە جووتیارانی کوردی سنووری ناحیەی سەرگەڕان دەکەن، پەرلەمانتارێکیش دەڵێ: سەرەڕای چارەسەرکردنی کێشەکە هێشتا گوشاری سەربازی لەسەر جووتیارانی کورد ھەیە لەو سنوورە.

نەجوا کاکەیی، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان ناوە ناوە کێشە بۆ جووتیارانی کورد دروست دەکرێت و بەردەوام گوشاری سەربازی و عەرەبە ھاوردەکانیان لەسەرە، ساڵی ڕابردوو کێشە و ئاستەنگ بۆ جووتیارانی کورد دروست کراوە، ھەتا گەییشتە ئاستی سوتانیش، ئێمە چووینە ناوچەکە و پەیوەندیمان بە ژووری ئۆپەڕاسیۆنە ھاوبەشەکانەوە کرد بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت.

پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی گوتیشی: بەداخەوە دوای چارەسەرکردنی کێشەکە دیارە چەند ڕۆژێکە دیسان ڕێگری لە جووتیارانی کورد دەکرێت بۆ ئەوەی کار لەزەوییە کشتوکاڵییەکانیان بکەن، ھەتا جاری ڕابردوو پەیوەندیم بەو بەرپرسەی سەربازی سوپای عێراقەوە کرد بۆ ئەوەی سوپا دەست لە کاری جووتیاران وەرنەدات، ئەوکات سوپا کشایەوە.
نەجوا کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: کێشەکە پەیوەستە بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس و پێویستە لەبنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت، ئێستا لیژنەی ماددەی ١٤٠ کاری لەسەر دەکات و پڕۆژەیاساکە ئامادەیە لەگەڵ لیژنەی ھەماھەنگی دەکەین بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و لە پەرلەمانەوە ھەموو بڕیارەکانی سەردەمی ئەنجوومەنی بەناو شۆڕش ھەڵبوەشێنینەوە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار