هەفتەی داهاتوو تەندەری پڕۆژەی ڕێگای دووسایدی بەردەڕەش بۆ کەلەک ڕادەگەیندرێت.

هەولێر_KDP.info_ بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: پڕۆژەی دروستکردنی دووسایدی (بەردەڕەش-کەلەک) لە قۆناغی تەندەرین دایە و هەفتەی داهاتوو تەندەرەکەی ڕادەگەینن و دەدرێتە کۆمپانیایەک بۆ ئەوەی جێبەجێی بکات، بۆیە هەر کاتێک بودجەی بۆ دابین کرا دەست بە جێبەجێکردن دەکرێت.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د.ئاگرین عەبدوڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگای دووسایدی بەردەڕەش بۆ کەلەک تا ئێستا ڕانەگەیەندراوە، هەفتەی داهاتوو تەندەرەکەی ڕادەگەیندرێت، ماوەی هەفتەیەکی دەوێت تا کۆمپانیاکان داواکاری پێشکەش بکەن، بۆ یەکێکیان دەربچێت.
د.ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: لەمساڵدا ئەو پڕۆژەیە دەدرێتە کۆمپانیا بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، هەر کاتێک بودجەی بۆ دابین بکرێت دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 80 ملیار دیناری تەرخان کردووە بۆ دروستکردنی ڕێگای دووسایدی (کەلەک-بەردەڕەش) کە رێگایەکی ستراتیژییە و هاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە، بەو هۆیەوە ڕووداوی هاتوچۆی زۆری لێ دروست دەبێت، بۆیە حکوومەت بڕیاری داوە ئەو ڕێگایە بکرێتە دووساید.
بڵند ئیبراهیم




