"هاوپەیمانان لە هاوکاری و پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن"
__2023_10_03_h15m42s53__ER.jpg)
ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ئەڵمانیا ئیمزا کراوە و گرنگی زۆری هەیە، بەردەوامی دانی هاوکاری و پشتگیری وڵاتانی هاوپەیمانانە بە هێزی پێشمەرگە، بۆیە چەند هاوکاری و پشتگیری بەردەوام بێت هێزی پێشمەرگە زیاتر بەهێز دەبێت، ئەوانیش ئامادەییان دەربڕیووە لە هەموو ڕوویەکەوە هاوکاری هێزی پێشمەرگە بکەن.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: هاوپەیمانان چەند لەگەڵ پێشمەرگە لەڕووی هاوکاری بمینێنەوە و چەند هاوکار بن لەڕووی مەشق و ڕاهێنان و پێشخستنی تواناکانی هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگری، هێزی پێشمەرگە زیاتر بەهێز دەبێت، چونکە هاوکارییەکان هەمەجۆرن و لەڕووی لۆجستی و بوارەکانی دیکەش دەگرێتەوە ئەوەی پێشمەرگە پێویستی پێ هەیە، بۆیە ئەو ڕێککەوتننامەیەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق تایبەت بە بواری میدیا و تەندروستی گرنگی زۆری هەیە و لەبەرژوەندی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دایە.
بابەکر زێباری گوتیشی: ئەو ڕێککەوتنەی ئیمزا کراوە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ئەلمانیا زۆر گرنگە، ئەڵمانیا خاوەن سوپایەکی گەورە و بەهێزە، هێزی پێشمەرگە سوودی لێ وەردەگرێت و دۆستی هەرێمی کوردستان تەنها ئەڵمانیا نییە بگرە وڵاتانی دیکەش دۆستی زۆر نزیکن.
زێباری باسی لەوەشکرد: ئەوەی گرفتە هەندێک جار عێراق بەربەست دروست دەکات و کێشە دروست دەکات ئەگەر نا ئەوان ئەوەی پێویست بێت بۆ هێزی پێشمەرگە دابینی دەکەن لە هەموو پێداویستییەکان تەنانەت چەکیش.
دوێنێ ، لە چوارچێوەی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان هێزەکانی ئەڵمانیا و وەزارەتی پێشمەرگە، لە ڕێوڕەسمێکدا فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ دێرک بۆلینگەر فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان واژوویان لەسەر ڕێککەوتننامەیەکی هاوبەش کرد کە تایبەت بوو بە دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییە میدیایی و تەندروستییەکان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.
وهزارهتی پێشمهرگه ئاماژهی بهوه دا لەم بەشەی هاوکارییەکاندا، سوپای ئەڵمانیا پێداویستی و ئامێری تایبەتی بۆ ڕاییکردنی کاروباری میدیا بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری دابین دەکات، هەروەها جانتای فریاگوزاری تەندروستی دەبەخشێت بە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە.
سوپای ئەڵمانیا وەک یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش، لە چەندین بواری جیاوازدا هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگەی کردووە و لە پرۆسەکەش بەردەوامە.
بڵند ئیبراهیم




