"یەکێتی ئەورووپا 17 پڕۆژەی لە بوارەکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داون"

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا دەڵێ، یەکێتی ئەوروپا بەردەوام لەڕووی زانستی و وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکانی ئەورووپا هاوکار دەبێت و لە کۆی 22 پڕۆژە لە بواری خوێندنی باڵا لە عێراق 17پڕۆژەی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.
دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان لە بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرۆکی بەشێکی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمیی لە برۆکسلن، لەچوارچێوەی سەردانەکەیان لەگەڵ بەشی خوێندنی باڵا لە کۆمسیۆنی ئەوروپا کۆبوونەوە، من وەکو نوێنەری حکوومەتی هەرێم لەگەڵ جێگری بالیۆزی عێراق ئامادەبووین.
دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: لە کۆبوونەوەکە بەوردی باسی پرۆسەی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان کرا و پلان و نەخشەڕێگای داهاتوو خرانە بەر باس و لێکۆڵینەوە، هەنگاوەکانی چەند ساڵی ڕابردووی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بەرز نرخێندران.
ئاژگەیی باسی لەوەشکرد: یەکێتی ئەوروپا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لەڕووی زانستی و وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکانی ئەوروپا، چونکە یەکێتی ئەورپا لە کۆی 22 پڕۆژە تایبەت بە بوارەکانی خوێندنی باڵا لە عێراق 17 پڕۆژەیان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردوون.
بڵند ئیبراهیم




