٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کۆلێژێکی سەر بە زانکۆی سۆران لە چۆمان دەکرێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

بەرپرسی لقی پارتی لە چۆمان دەڵێت، دوای ھەوڵێکی زۆر  توانرا ڕەزامەندی کردنەوەی کۆلێژێکی زانکۆی سۆران لە دەڤەری باڵەکایەتی بەدەست بێنین، دوای تەواوبوونی  ڕێوشوێنەکان کۆلیژەکە دەکرێتەوە.

کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ٢٦ی باڵەکایەتی بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ھەوڵێکی زۆر توانیومانە ڕەزامەندی کردنەوەی کۆلێژێکی زانکۆی سۆران بەدەست بێنین بۆ ناوچەی باڵەکایەتی ئەویش بۆ زیادکردنی بواری مەعریفی خەڵکی ناوچەکەمان و کۆکردنەوەی قوتابیانی سنووری باڵەکایەتی لە کۆلێژێکدا، سەرەتا دوای ھەوڵەکانمان ئەنجوومەنی زانکۆی سۆران ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ کردنەوەی کۆلێژێکی زانکۆی سۆران لە قەزای چۆمان.

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: دوێنێ شاندێکی زانکۆی سۆران سەردانی قەزای چۆمانی کرد بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکارییەکان و ژێرخانی کۆلێژەکە لە قەزاکە بکرێت، ئەوان ڕێوشوێنی خۆیان دەگرنەبەر ھەموو ئامادەکارییەکان تەواو دەکرێن.

کرمانج عزەت ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەگەر ئەمساڵ ڕێوشوێنی ھونەری تەواو بکرێن لە کۆلێژەکەی چۆمان دەست بە وەرگرتنی قوتابیان دەکرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر تەواو نەکرێت ئەوە دەکەوێتە ساڵی داھاتوو،  بێگومان کردنەوەی کۆلیژێکی زانکۆی سۆران لە قەزای چۆمان دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی ناوچەکە و قوتابیانی زانکۆ.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار