بەشە ناوخۆیی قوتابیان بۆ کوڕان لە هەولێر لە قۆناغی کۆتاییدایە
__2023_10_02_h17m31s34__HK.jpg)
هەولێر_KDP.info_ جێگری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ کاروباری قوتابیان گوتی: بەشە ناوخۆی قوتابیانی کوڕان لە هەولێر لە قۆناغی کۆتاییدایە و تەنها ماوە کارەبای بۆ ڕابکێشن و پێداویستی ناو بەشە ناوخۆییەکە دابین بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش نووسراومان کردووە بۆ ئەوەی بودجەی بۆ دابین بکرێت، پێویستی بە دوو ملیار دینار هەیە.
دکتۆر فەرهاد عەلی، جێگری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ کاروباری قوتابیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەشە ناوخۆیی کوڕانی زانکۆی سەڵاحەدین دەکەوێتە پشت بەشە ناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدین تەواو بووە و تەنها ماوە کارەبای بۆ ڕابکێشرێت و پێداویستی ناو بەشە ناوخۆیی دابین بکرێت، ئەگەر نا لەڕووی باڵەخانە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە تەواو بووە، ڕێژەی تەواو بوونی دەگاتە نزیکەی 98%، بۆیە ئەو دوو هەنگاوە بنرێت قوتابیان دەتوانن بچنە ناوی، چونکە هاوشێوەی بەشە ناوخۆیی 18ی شوباتە.
دکتۆر فەرهاد عەلی گوتیشی: هەر باڵەخانەیەک شوێنی 600قوتابی دەبێتەوە و بەشە ناوخۆییەکە شوێنی هەزار و 600قوتابی تێدا دەبێتەوە، بۆیە هەوڵمان داوە و نووسراویشمان بۆ حکوومەت کردووە بۆ ئەوەی تەواو بکرێت، چونکە نزیکەی دووملیار دیناری پێویستە بۆ ئەوەی تەواو بکرێت.
عەلی باسی لەوەشکرد: ئێمە لە زانکۆی سەڵاحەدین هەزار و 700 قوتابی کوڕمان هەیە لە بەشە ناوخۆییەکان دەمێننەوە، لەگەڵ هەزار و 400 قوتابی کچ، بۆیە کێشەی بەشە ناوخۆیی کوڕان بە تەواوی چارەسەر دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




