پرسی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دەبرێتە دادگای نێودەوڵەتی لاھای
__2023_10_02_h15m57s2__ER.jpg)
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرایکرد: شاندێک لە ھەرێمی کوردستان سەردانی فەڕەنسا دەکات و لە ڕۆژ جیھانی جینۆساید بەشداری دەکات، دەشڵێ: بە مەبەستی گەیاندنی کەیسی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی بۆ دادگای نێودەوڵەتی لاھای پێنج ھەزار بەلگەنامە ئامادەکراون.
خالید ڕێکانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارە مانگی داھاتوو شاندێک لە ھەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی فەڕەنسا بکات و بەشداربێت لە زیندوو ڕاگرتنی ڕۆژی جیھانی جینۆساید، شاندەکە لە ژمارەیەک کەسایەتی حکوومی و پەرلەمانتار و کەسایەتی کوردی ئێزدی پێکھاتووە، لە چوارچێوەی سەردانەکەدا سەردانی ھۆڵەندا و دادگای لاھای دەکەین.
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: پێنج ھەزار بەڵگەنامە لەسەر جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی و کارەساتی گوندی کۆجۆ ئامادەکراون و پێشکەش بە پەرلەمانی ئەوروپا و دادگای نێودەوڵەتی لاھای دەکرێن بۆ ئەوەی کەیسی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید بناسێنن.
خالید ڕێکانی ڕوونی کردەوە: بەداخەوە بەھۆی ئەندام نەبوونی عێراق لەدادگای لاھای تا ئێستا کەیسی کوردانی ئێزدی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید پەسەند نەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین وڵات کەیسی کوردانی ئێزدییان وەک جینۆساید پەسەند کردووە، دەمانەوێ لەڕێگەی دادگای لاھای فشار بخرێتە سەر عێراق و پەرلەمانی عێراقیش کەیسی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید وەسف بکات.
قائید میرۆ




