ڤیان سەبری بۆ KDP: ھەوڵی جدی دەدەین بەفەرمیی و یاسایی ھەڵەبجە ببێتە پارێزگا

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دهڵێ، بڕیارە ئەمڕۆ دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بدرێت و لەناو کۆبوونەوە دیار دەبێت کە دەتوانین پەسەندی بکەین یاخود نا، بەڵام ھەوڵدەدەین پەسەند بکرێت.
دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیارە دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بدرێت و لە کارنامەی کۆبوونەوە دانراوە".
دکتۆرە ڤیان سەبری گوتیشی: "تا ئێستا دیار نییە دەتوانن پەسەند بکرێت یاخود نا، چونکە لە گفتووگۆکانی ناو کۆبوونەوە ئەوە دیار دەبێت و ئێمەش وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەوڵی جدی دەدەین بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و بەفەرمیی و بەیاسا ھەڵەبجە ببێتە پارێزگا".
بڵند ئیبراھیم




