ھەڵبژاردنی پارتی: لە نەینەوا ئامادەین و سەرجەم کاندیدانمان پەسەند کراون

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ دەڵێ، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، 2 کاندیدمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە نەینەوا رەتکراونەتەوە، بەڵام دوای بەدواداچوونمان دەرکەوت سەرجەم کاندیدانمان هیچ کێشەیەکیان نییە و پەسەند کراون.
مەناف حەسەن بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی لەکۆی 52 کاندید 2 کاندیدی ئێمە لە لایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری دوورخراونەتەوە و ئێمەش هۆکارەکەمان نەدەزانی، ئەمڕۆ کاندیدەکانی ئێمە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدایان کردبوو دەرکەوت بە هەڵە باس لەوەکراوە، کاندیدەکانی ئێمە هیچ کێشەیەکیان نیە و پەسەند کراون.
مەناف حەسەن گوتیشی: سەرجەم کاندیدانی ئێمە لەسنووری پارێزگای نەینەوا 52 کاندیدن هیچ کێشەیەکیان نییە و پەسەند کراون، کاندیدەکانی ئێمە لە سنووری موسڵ بەگشتی بەسەر چوار لق دابەش بوون.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا چوار لقی هەیە و لە هەر چوار لقی 52 کاندیدی هەیە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ.
بڵند ئیبراهیم




