سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: نابێ مافه‌کانی هه‌رێمى كوردستان بكرێنه بارمته‌ى ناكۆكیى سیاسی

ھەولێر-KDP.info- سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 27/9/2023 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له سلێمانی به‌شداری له ڕێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی پێنجه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كرد كه به‌ڕێزان سه‌رۆك كۆماری عێراق و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیران و به‌رپرسانی ئیداری و حزبیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و كونسوڵ و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی ئاماده‌ی بوون.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌ڕێز بافل جه‌لال تاڵه‌بانى،
سه‌رۆكى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان
به‌ڕێزان ئاماده‌بووان و ئه‌ندامانى كۆنگره‌ى پێنجه‌مى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
خۆشحاڵم كه له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى به‌ڕێزدا، ئه‌مڕۆ به‌شدارى له ڕێو‌ڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى كاره‌كانى پێنجه‌مین كۆنگره‌ى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستاندا ده‌كه‌م. پیرۆزباییى به‌ستنى كۆنگره له ته‌واوى ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌رى یه‌كێتى ده‌كه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ ئێوه و بۆ كۆنگره‌كه‌تان ده‌خوازم. هیوادارم كۆنگره، بۆ دۆخى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان و عێراق، ئه‌نجامى باش و ئه‌رێنى لێ بكه‌وێته‌وه.
هه‌ر لێره‌دا، هه‌ر له‌م ڕۆژه گرنگه‌دا به‌وپه‌ڕى ڕێز و شكۆوه، خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال به‌بیر ده‌هێنینه‌وه. گیانى شاد و یادى هه‌میشه به خێر بێت. یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، یادگاریى مام جه‌لاله و ده‌بێ له‌سه‌ر هه‌مان گیان و بیر و ئاراسته‌ى ئه‌و، بۆ لێكتێگه‌یشتن و ته‌بایى و چاره‌سه‌رى كێشه‌كان، بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى، له‌سه‌ر ئه‌و ڕێچكه‌یه‌ی مام جه‌لال به‌رده‌وام بێت.
یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، ڕۆڵ و پێگه‌یه‌كى دیار و سه‌ره‌كى له بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازیى كوردستاندا هه‌یه. له سه‌رده‌مى ئازادی‌دا، له‌گه‌ڵ پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، دوو هێزى سه‌ره‌كیى بنیاتنه‌ر و دامه‌زرێنه‌رى ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانیان بوون. به به‌شدارى و هاوكاریى به‌ره‌ى كوردستانى و هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانى دیكه، مێژووى نوێیان بۆ گه‌لى كوردستان، نووسیوه.
ئێستاش یه‌كێتى له هه‌رێمى كوردستان و له عێراقیش، یه‌كێكه له هێزه سه‌ره‌كییه‌كانى پرۆسه‌ى سیاسی، ئه‌وه‌ش به‌رپرسیاریه‌تییه‌كى گه‌وره‌ى نیشتمانى ده‌خاته سه‌ر شانى یه‌كێتی. له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه سیاسى و پێكهاته‌كانى كوردستاندا، هه‌موویان پێكه‌وه ئه‌ركى پاراستنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و كارى هاوبه‌شیان له‌سه‌ر شانه، بۆ ئه‌وه‌ى ماف و ده‌ستكه‌وته ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بپارێزن.
به‌ڕێزان،
ئه‌زموونى پێكه‌وه‌كاركردنى پارتى و یه‌كێتى و هاوكارى و برایه‌تیى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى و خوالێخۆشبوو جه‌نابى سه‌رۆك مام جه‌لال، سه‌لماندوویه‌تى كه سه‌ركه‌وتن له یه‌كڕیزى و هاوبه‌شى و كارى پێكه‌وه‌ییدایه. سه‌ركه‌وتنى ڕاپه‌ڕین، جێگیریكردنى فیدراڵى و زۆرێك له مافه‌كانى گه‌لى كوردستان له ده‌ستوورى عێراقدا، ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان، به‌رهه‌مى ڕاسته‌وخۆى ئه‌و هاوكارى و ته‌بایى و برایه‌تییه بووه.
ئێستاش، بۆ تێپه‌ڕاندنى هه‌موو سه‌ختییه‌كان، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، بۆ پاراستنى ده‌ستكه‌وت و مافه ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، تاكه ڕێگه‌مان له‌به‌رده‌مدایه، ئه‌ویش به‌رده‌وامى و درێژه‌دانه به هاوكارى و یه‌كترقبووڵكردن و هاوبه‌شى و كارى پێكه‌وه‌ییى لایه‌نه سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، لێره و له به‌غدا. هێز و مانه‌وه‌ى هه‌موومان له یه‌كڕیزى و ته‌باییدایه، پێچه‌وانه‌كه‌یشى زیان و لاوازیى هه‌رێمى كوردستانه.
پێویستیى ئه‌م قۆناغه و ئاڵنگارى و مه‌ترسییه‌كانى به‌رده‌م هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وه ده‌خوازێت كه هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان، هه‌رچى ناكۆكییان هه‌یه به‌لاوه بنێن. هه‌رێمى كوردستان به‌هێزتر بكه‌ین و هه‌موومان پێكه‌وه، یه‌كهه‌ڵوێست، یه‌كده‌نگ و به‌هێز، له به‌غدا بین. ده‌بێ ئه‌وه ئامانجى هاوبه‌ش و كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موومان بێت.
ئاسایییه لایه‌نه‌كان ڕكابه‌ریى سیاسى و جیاوازییان له بیروبۆچوونى سیاسی‌دا هه‌بێت، به‌ڵام پێویسته به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى هاوبه‌ش، هه‌موومان بۆ ئامانجێكى هاوبه‌ش كۆبكاته‌وه كه پاراستنى ئه‌زموون و ماف و ده‌ستكه‌وته ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه.
هه‌رێمى كوردستان كاتێك به‌هێزه كه لایه‌نه سیاسییه‌كانى، یه‌كڕیز و ته‌با بن، كه دامه‌زراوه‌كانى، سه‌ربه‌خۆ و پارێزراو و ڕێزلێگیراو بن، كه ده‌ستێوه‌ردانى حزبى و سیاسى له كاروبارى دامه‌زراوه‌كان و پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كاندا نه‌بێت.
هه‌رێمى كوردستان كاتێك به‌هێزه كه لایه‌نه سیاسییه‌كان، به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى گه‌ل و وڵات، بخه‌نه پێش هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى دیكه‌وه. كه ململانێى حزبى و سیاسى، نه‌بێته مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر قه‌واره‌ى سیاسى و ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
هه‌رێمى كوردستان له ڕاپه‌ڕینه‌وه تا ئێستا، وێڕاى هه‌موو هه‌وراز و نشێوى و كه‌موكوڕییه‌كان، ئه‌زموونێكى جوانى له ناوچه‌كه‌دا نیشان داوه كه بووه مایه‌ى سه‌رنج و ڕێزى جیهان و عێراق.
دیموكراسى، ئازادییه‌كان، مافه‌كانى مرۆڤ، ئازادیى ڕاده‌ربڕین و ئازادیى ڕۆژنامه‌وانى، پێكه‌وه‌ژیان، یه‌كترقبووڵكردن، لێبورده‌یى، فره‌ییى ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى، هه‌موو ئه‌وانه، ئه‌و سیما و بنه‌ما و به‌ها هاوبه‌شانه‌ن كه هه‌رێمى كوردستان به جیهانى پێشكه‌وتووى مرۆڤایه‌تییه‌وه دیانبه‌ستێته‌وه و بوونه‌ته مایه‌ى ڕێز و شانازیى گه‌لى كوردستان.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان ده‌بێ بۆ هه‌میشه ده‌ست به‌و بنه‌ما و به‌ها باڵاكانى مرۆڤایه‌تییه‌وه بگرین و بیانپارێزین. ده‌بێ هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان و ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، كار بۆ به‌هێزكردنیان بكه‌ن، بیانكه‌نه بنه‌مایه‌كى سه‌ره‌كیى بیر و كردار و كار و ژیانى سیاسى و په‌روه‌رده‌یى و كۆمه‌ڵایه‌تیمان.
هه‌ڵبژاردن وه‌ك بنه‌ماى سه‌ره‌كیى ڕه‌وایه‌تیى ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانى، بۆ هه‌رێمى كوردستان پێویسته یه‌كه‌م و هه‌ره له‌پێشه‌وه بێت. ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى شوباتى داهاتوو، ده‌نگدانێكى سه‌ركه‌وتوو بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه بچێت.
هه‌رێمێكى كوردستانى به‌هێز ده‌توانێت ڕۆڵ و ئاماده‌یى و كاریگه‌ریى باشترى له به‌غدا و له‌سه‌ر ئاستى هه‌موو عێراق هه‌بێت. ده‌توانێت باشتر به‌رگرى له ده‌ستكه‌وته‌كان و مافه ده‌ستوورییه‌كانى بكات. ده‌توانێت جێگه‌یه‌كى باشتر و به‌هێزتر له ناوچه‌كه و له جیهاندا بگرێت. بۆیه به پله‌ى یه‌كه‌م ئه‌ركى پارتى و یه‌كێتییه له‌گه‌ڵ هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستاندا، كار بۆ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.
به‌ڕێزان،
ئه‌وه زۆر باش و پێویسته كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له گفتوگۆى به‌رده‌وامدان. ڕاسته هه‌ندێك به‌ره‌وپێشچوون له گفتوگۆكاندا هه‌یه، به‌ڵام هێشتا له‌به‌ر كێشه‌كانى به‌رده‌م جێبه‌جێكردنى یاساى بودجه و ناردنى شایسته دارایییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها له‌به‌ر هه‌نارده‌نه‌كرنه‌وه‌ى نه‌وت، ئێستا هه‌رێمى كوردستان له دۆخێكى سه‌ختى داراییدایه. دۆخه‌كه كاریگه‌رییه‌كى دژوارى به‌سه‌ر ته‌واوى ژیان و گوزه‌رانى هاووڵاتییان جێهێشتووه.
لێره‌دا، جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه هه‌رێمى كوردستان ده‌یه‌وێت هه‌موو كێشه و ناكۆكییه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا به گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات. ئێمه چاوه‌ڕوانیمان هه‌یه حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵى به‌پێى ڕێككه‌وتنه سیاسییه‌كان و یاسا و ده‌ستوور و سیسته‌مى فیدراڵى، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا بكات. نابێ بودجه و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان بكرێته بارمته‌ى ناكۆكیى سیاسی.
ده‌بێ لایه‌نه سیاسییه‌كانى پێكهێنه‌رى حكوومه‌تى فیدراڵى، یارمه‌تیده‌ر و پشتیوانى سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع سوودانى بن بۆ جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنه سیاسییه‌كان. ده‌بێ هه‌موو كه‌س و لایه‌ن و هێزه‌كان له عێراق بزانن كه دروستكردنى كێشه‌ى دارایى بۆ هه‌رێمى كوردستان، هیچ خزمه‌تێك به عێراق ناكات.
ئارامى و سه‌قامگیرى و پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ر ناوچه‌یه‌كى عێراق، ئارامى و سه‌قامگیرى و پێشكه‌وتنه بۆ هه‌موو عێراقه. ئێمه له هه‌رێمى كوردستان به‌م گیانه و به‌م تێگه‌یشتنه له ته‌واوى عێراق ده‌ڕوانین، هه‌ر ئه‌وه‌ش به كه‌ڵكى گه‌لانى عێراق و ته‌واوى پێكهاته‌كانى دێت. عێراق به‌بێ جیاوازى، كۆكه‌ره‌وه و وڵاتى هه‌موومان بێت به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه. بێبه‌شكردنى هه‌ر پێكهاته‌یه‌كى عێراق، پابه‌ندى و وابه‌سته‌یى به وڵات لاواز ده‌كات.
ده‌بێ هه‌موومان له عێراق، ڕابردوو بكه‌ینه وانه و په‌ند و سوودى لێ وه‌ربگرین. شكستى هه‌رێم و یان هه‌ر ناوچه و پێكهاته‌یه‌كى عێراق، هه‌رگیز سه‌ركه‌وتنى هیچ به‌ش و پێكهاته‌یه‌كى تر‌ى عێراق نه‌بووه و نابێت. پێكهاته‌كان و سه‌رمایه‌ى مرۆیى و سروشتیى عێراق، هێزێكى گه‌وره‌ن بۆ عێراق. ئێمه هه‌موومان پێكه‌وه ده‌توانین عێراق بكه‌ینه وڵاتێكى به‌هێزى ناوچه‌كه و جیهان. ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتن و ئیراده‌ى ڕاسته‌قینه‌ى سیاسى بۆ ئه‌مه هه‌بێت، به دڵنیایییه‌وه عێراق ده‌بێته ئه‌و عێراقه.
وه‌ك چۆن یه‌كگرتوویى و یه‌كڕیزى له هه‌رێمى كوردستان، بنه‌ماى سه‌ركه‌وتنمانه، به هه‌مان شێوه هاوبه‌شیى پێكاته جیاوازه‌كانى عێراق له هه‌ر نه‌ته‌وه و ئایینێك بن، له ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و كارگێڕیى وڵات‌دا، عێراق ده‌خاته شوێن و پێگه‌ى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى. ده‌بێته فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگیرى و پێشكه‌وتن بۆ خۆى و بۆ ناوچه‌كه‌ش.
له كۆتایی قسه‌كانم، دووباره پیرۆزباییى به‌ستنى كۆنگره‌ى پێنجه‌م له یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان ده‌كه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ كۆنگره‌كه‌تان ده‌خوازم. هیوادارم ده‌ره‌نجام و بڕیاره‌كانى كۆنگره‌كه‌تان، ببنه مایه‌ى پته‌وكردنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و كارى پێكه‌وه‌ییى لایه‌نه سیاسییه‌كان له هه‌رێمى كوردستان و له عێراقدا.
جارێكی تر زۆر سوپاس،
هیواى كاتێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم.




