بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم: دەمانەوێت ئاوی ژێر زەوی زیندووبکەینەوە و بۆ گوندەکانیش پۆند دروست بکەین
__2022_11_28_h12m31s31__RM__2023_09_26_h16m48s10__ER.jpg)
هەولێر_KDP.info_ بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان گوتی: پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ ئەوەی ئاوی سەرزەوی بۆ ژێر زەوی بگوازینەوە و جارێکی دیکە ئاوی ژێر زەوی کە کەمبووە زیندووی بکەینەوە، هەرگوندێکیش بیەوێت پۆند دروست بکات هاوکاریان دەکەین بۆ ئەوەی پۆند دروست بکرێت.
دکتۆر کاروان هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە سنووری پارێزگای هەولێر پڕۆژەیەک لە بواری جێبەجێکردن دایە بۆ پاراوکردنی ئاوی سەر زەوی بۆ ئەوەی ئاوی سەر زەوی بگوازینەوە ژێر زەوی بۆ ئەوەی ئاوی ژێر زەوی زیاد ببێت، چونکە کەمی کردووە، ئەو پڕۆژەیە بەهاوکاری یونسێف جێبەجێ دەکرێت و قۆناغی یەکەممان بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کردووە، قۆناغی دووەمیشمان دەست پێکردووە، ئەو ئاوەی لە زستان دەبێتە لافاو گلی دەدەینەوە و دەیگوازرینەوە بۆ ژێر زەوی و پلانیشمان هەیە کە پڕۆژەکەمان سەرکەوتوو بوو لەناوچەکانی دیکەش جێبەجێی بکەین.
دکتۆر کاروان هەورامی گوتیشی: ئەو گوندانەی بیانەوێت پۆندێک دروست بکەن کە پۆندی هەرەوەزییە بۆ خۆیان بۆ کۆکردنەوەی ئاو، پڕۆژەمان هەیە پشتگیری زانستییان دەکەین و تیمی زانستییان بۆ دەنێرین و دیزاین و هاوکاری مادیشیان دەکەین، بۆیە هەر گوندێک بیەوێت پۆند دروست بکات دەتوانی لە ڕێگەی فەرمانگەی کشتوکاڵی خۆیان یاخود بەشی ئاودێری داواکاری پێشکەش بکەن و فۆڕمێک پربکەنەوە، چونکە ئێستا لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک سێ پۆند بەهاوکاری یونسێف دروست دەکرێن و لە ئاکرێ و چەند شوێنێکی دیش چەند پۆندێک دروست دەکرێن، بۆیە داواکارین گوندەکانیش هاوکار بن و بێن بۆ ئەوەی پۆندیان بۆ دروست بکرێت.
گوتیشی: تیمەکانی ئێمە بەردەوام دەگەڕێن بۆ ئەوەی شوێن بۆ دروستکردنی پۆندی تازە دیار بکەن، ئەگەر خەڵک هاوکار بێت باشتر دەتوانین پۆند دروست بکەین، بۆیە هاوکاری خەڵک بۆ ئێمە زۆر گرنگە.
بەپێی هەواڵێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بۆ زیادکردنی ئاوی سهر زهوی و بەکارهێنانی هەمەلایەنەی، حکوومهتی ههرێمی کوردستان گرنگیی تایبهتی به دروستکردنی پۆند داوە، ئەمەش بۆ باشتر سوود وهرگرتن له ئاوی سهر زهوی و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی؛ بۆ ئهو مهبهستهش تا ئێستا ١١٠ پۆند لەلایەن کابینەى نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە تهواو کراون و بۆ کاری کشتوکاڵی و سامانی ماسی سوودیان لێ وهردهگیرێت؛ لە هەمان کاتدا کارکردن لە ٤٠ پۆندیش بەردەوامە و پلانیش بۆ دروستکردنی ٧١ پۆندی نوێ هەیە.
ئەوەش خراوەتەڕوو ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا ڕەچاوی پێویستی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەو چوارچێوەیەدا لە پارێزگای ههولێر ٣٦ پۆند کارهکانیان تهواو کراوه، لە پارێزگای دهۆک به هۆی ههڵکهوتهی جوگرافی بۆ درووستکردنی پۆند گونجاوتره، ٥٧ پۆند تەواو کراون.
له سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سهربهخۆی گهرمیان، ١٧ پۆند تەواو کراون، هاوکات لە هەموو ناوچەکان کارکردن لە ٤٠ پۆند بەردەوامە و پلانیش هەیە ٧١ پۆندی دیکە لە شوێنی گونجاو دروست بکرێن، پۆندسازی و دروستکردنی چاڵاو، بووژانهوهی کهرتی کشتوکاڵ، سامانی ئاژهڵ و ماسی و باخداری، گهشتوگوزار و پیشهسازی لێ دەکەوێتەوە. هاوکات دەبێتە پارێزەرێکی گرنگی ئاوى ژێرزەوی و ئەو سامانە بۆ ئایندە دەپارێزێت، لەو سۆنگەوەیە کابینەى نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگی بە دروستکردنی پۆندەکان لە هەموو ناوچەکان دەدات.
بڵند ئیبراهیم




