ئاكەپە و حكوومەت چاوەڕوانی چین؟

سەعدی سەمونجووئوغڵۆ
ئەگەر سەیری بارودۆخی ئەمرۆ توركیامان بكەین بۆمان روون دەبێتەوە كە توركیای ئێمە توركیایەكە كە لە سەر كەراخی دۆڵێكدایە. بۆ ئەوەی باش لە مەبەستی من تێبگەین بە پێویست دەزانم كە زۆر بە كۆرتی باسی 10 ساڵەی رابردووی توركیا بكەم.
بۆ هەركەس روون و ئاشكرایە كە لە ساڵی 2002دا هیچ شتێك بە ناوی پرسی كورد و مەسەلەی پەكەكە لە توركیا هەبوونی نەبوو، یا بە زمانێكی دیكە لە ساڵی 2002دا هەم مەسەلەی پەكەكە و هەم مەسەلەی كورد كۆتاییان پێهاتبوو و پەكەكەیش زۆر لاواز و بێ دەسەڵات كرابوو. بەڵام لە ساڵی 2003دا بە هۆی سیاسەتەكانی حكوومەتی توركیاوە هەم پرسی كورد و هەم پەكەكە وردە وردە دووبارە سەریان هەڵدایەوە.
پەكەكە لە سایەی سیاسەتە هەڵەكانی حكوومەتی توركیادا توانی لە ماوەی ساڵەكانی 2003 و 2004دا جارێكی دیكە خۆی كۆ بكاتەوە و دەست بە شەڕی چەكداری بكاتەوە.
هەر لەم كاتە ساتانەدا دەسەڵاتی سیاسی توركیا بە سەرۆكایەتی ئاكەپە لە پێ ناو لە ناو بردنی پەكەكە و كۆتایی هێنان بە شەڕی چەكداری لە بنەوە لەگەڵ پەكەكەدا چەندین پەیمانی نهێنی مۆر كرد.
رای گشتی جیهان دەزانێت كە ئاكەپە و پەكەكە لە بنەوە لە سەر چە خاڵ یا لە سەر چی پێكهاتوونە بەڵام رای گشتی توركیا ئاگاداری ئەم رێككەوتنانە نییە. هەر چەند جار جار لە نێو رای گشتی توركیادا سەبارەت بەم رێككەوتنانەی نێوان پەكەكە و ئاكەپە شتێك بڵاو بكرێتەوە حكوومەت زۆر بە توندی رەدی دەكاتەوە بەڵام ئەوەی جێگای شك و گۆمانە ئەوەیە كە بۆ چی ئاكەپە متمانەی بە پەكەكە هەیە بەڵام متمانەی بە رای گشتی توركیا نییە.
چاوپێكەوتن و مۆر كردنی رێككەوتنەكانی نێوان پەكەكە و ئاكەپە 7 ساڵ لەمەوبەر دەستی پێكردووە و هەر جار لە دوای ئەم چاوپێكەوتنانە پەكەكە بەهێزتر بووە و پەرەی بە شەڕی چەكداری خۆی داوە و ئاكەپەیش تەعویزی جوراوجۆری بە پەكەكە و سیاسەتی كوردی داوە. هەر چەند ئاكەپە زۆر بە باشی هەستی بەم راستییە كردووە بەڵام نازانم بۆ چی هێشتاكە ئاكەپە لە چاوپێكەوتنەكانی خۆی لەگەڵ پەكەكەدا سوورە؟
هەر چەند ئێمە بە باشی ئاگاداری ناورۆكی ئەم پەیمانانەی نێوان پەكەكە و ئاكەپە نین بەڵام ئەنجامی رووداوەكانی 7 ساڵی رابردوو و مەسەلەی خابوور، ئوسلو و ئێمراڵی ئەوەی سەلماندووە كە داواكارییەكانی پەكەكە یەك بە یەك لە لایەن ئاكەپەیەوە جێبەجێ دەكرن. تا هەڵبژاردنەكانی حوزەیرانی ساڵی 2011 كونترۆڵی بارودۆخەكە لە دەستی سەرۆك وەزیری توركیا ئەردۆغاندا بوو بەڵام لە دوای هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری هاتە ئاراوەو پەكەكە كونترۆڵی بارودۆخەكەی خستە دەستی خۆیەوە.
پەكەكە لەم ماوەیەدا ستراتیژیەتی خۆی گۆڕا و هەستی بەوە كرد كە هێزی ئەوەی هەیە كە لە دژی ئاكەپە شەڕ بكات و ئاكەپە ناچار بكات كە داواكارییەكانی جێبەجێ بكات. هەر بۆیە پەكەكە وازی لە هێزەكانی دیكە هێنا و رووی هێرشە هەمەلایەنەكانی خۆی كردە ئاكەپە. لە بەرامبەریشدا ئاكەپە بۆ ئەوەی كە رای گشتی هەست بە شكەستی ئاكەپە لە بەرامبەر پەكەكەدا نەكات، چەندین پرۆژەی جوراوجۆری وەكو پرۆژەی كرانەوەی دیموكراتیك بە رووی كورد، پرۆژەی یەكیەتی نەتەوەیی پێشكەش كرد.
سەرچاوە: یەنی چاغ




