٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفین دزەیی ناوه‌ڕۆكی سەردانه‌كه‌یان بۆ KDP ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریکا-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ئەمەریکا پشتگیری لە گفتووگۆکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەردوولا و ھەوڵدەدات بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان بەغدا و تورکیا چارەسەر بکرێت و دووبارە دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکرێتەوە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەردانی ئەمەریکامان کردووە و لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەشداریمان لەچەندین کۆبوونەوە کردووە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری، لەوانە بەشداری چەندین دیداری ئاست بەرز و کۆبوونەوەمان کرد بەتایبەت لەگەڵ برێت مەکگۆرک ھەماھەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، لەو کۆبوونەوە و دیدارانە جەختمان لەسەر ئەوە کردۆتەوە پێویستە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لە رێگەی گفتووگۆ و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت".

سەفین دزەیی گوتیشی: "ھەمووان پاڵپشتی لە دووبارە دەستپێکردنەوە و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمەریکا ھەوڵ لەگەڵ بەغدا و تورکیا دەدات بگەنە رێککەوتن و ئەو کێشانەی ھەیە چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکرێتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار