٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە بۆنەی(53)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان لە ئێوەی هێژا و ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیەکەتان و سەرجەم زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە کوردستان دەکەین، هەوڵ و کار و چالاکییەکانتان مایەی رێز و ستایشن.

دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە بڕیاری (بارزانیی نەمر) یەکێکە لەو دەسکەوتە گرنگانەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلەکەمان، هەروەها نیشانەی خەمخۆری و پشتیوانیکردنی سەرکردایەتیی سیاسیی پارتیمانە لە ۆڵ و پێگە و کاریگەریی مامۆستا و زانایانی ئایینی لە بواری پەروەردە و قووڵکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانی. یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە درێژایی مێژووی خۆی هەمیشە وەک بڵندگۆیەکی ڕاستەقینە وابووە بۆ داکۆکیکردن لە داب و نەریت و کولتووری ڕەسەنی کوردەواری، ئەمڕۆش لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و پێشکەوتنەکانی پێویستە لە خزمەت و بەسوودی رۆڵەکانی گەلەکەمان بشکێتەوە.

هیوادارین لەو بۆنەیەدا وەک هەمیشە لەسەر هەمان بەرنامە و پەیامی ڕاست و دروستی یەکێتییەکەتان بەردەوام بن و هەنگاوی نوێتر و باشتر بنێن بۆ پتەوکردنی گیانی لێبوردەیی و تەبایی و پێکەوەژیان لە نێو کۆمەڵگەکەماندا. دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەین و هەر بەردەوام و سەرکەوتوو بن.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

21/9/2023

هەواڵی پەیوەندیدار