٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی وەبەرھێنان: ھەر پڕۆژەیەک لەکاتی خۆی دەستبەکار نەبێت مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

دەستەی گشتی وەبەرھێنان ھۆشداری دەداتە ئەو وەربەھێنانەی مۆڵەتی پڕۆژەیان ھەیە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەکەش دەڵێ: ھەر پڕۆژەیەک مۆڵەتی ھەبێت و لەکاتی دیارکراو جێبەجێ نەکرێت مۆڵەتەکەی لێ وەردەگرینەوە.

بەرگەشت ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە چوار ساڵی ڕابردوودا ھیچ پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان نەبووە مۆڵەتی وەرگرتبێت و پڕۆژەکەی تەواو نەکردبێت، ھەموو پڕۆژەکانی چوار ساڵی رابردوو بەپێی یاسا جێبەجێ دەکرێن، بەتایبەتی ئەو پڕۆژانەی پەیوەستن بە کەرتی نیشتەجێبوون، ھەموو پڕۆژەکان تەواو دەکرێن، ئەوانەیشی پێش چوار ساڵ دەستیان بەکار کردووە و بەجێیان ھێشتوون تەواو دەکرێن، بەڵام ئەوانەی کێشەیان تێدایە بەشێکیان چارەسەرکراون و بەشێکی دیکەش ماون دوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان تەواو دەکرێن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنان گوتیشی: بەشێک لە ھاووڵاتییان گرێبەستی وەھمییان لەگەڵ وەبەرھێنەر کردووە، ئەمە کێشەی دروست کردووە، چونکە پڕۆژە ھەبووە شوقەکانی بۆ نموونە ٢٠ نھۆم بووە کەچی نھۆمی ٢٥ فرۆشراوە، پێویستە ھاووڵاتییان ھۆشیاربن لەکاتی گرێبەست بەپێی یاسا و ڕێکارەکانی دەستە گرێبەست ئەنجام بدەن، بەپێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن لەبەرامبەر مافەکانیان، ئێمە پشتگیری ھاووڵاتییانین و بەفەرمانی سەرۆکی حکوومەت دەستە ڕێگە نادات مافی ھیچ ھاووڵاتییەک لە پڕۆژەکان بفەوتێت.

بەرگەشت ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئێستا خەریکی پێداچوونەوەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونین، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتیش پێدانی مۆڵەت ڕاگیراوە، تا ئەوکاتەی لیژنەی پەیوەندیدار پێداچوونەوە دەکات، ئەو کات بەپێی پێویستی ھەر ناوچەیەک مۆڵەتی پڕۆژە دەدرێت.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار