بەئەلکترۆنی کردنی کارەکانی وەزارەتی پەروەردە کارئاسانی زۆر باشی بۆ هاووڵاتییان کردووە

هەولێر_KDP.info_ بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، ئێستا هەموو کارەکانی وەزارەتی پەروەردە بەئەلکترۆنی کراون و هاووڵاتییانیش لەجیاتی سەردانی کردنی وەزارەت بۆ ڕایی کردنی کارەکانیان لەڕێگەی ئەلکترۆنی کارەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەمەش کارئاسانییە بۆ هاووڵاتییان و قەرەبالغی ناو وەزارەتیش ناهێڵێت.
دکتۆر سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پرۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی کاروباری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکراوە و ماوەیەک پێش ئێستاش بە فەرمیی ڕاگەیندرا، بۆیە ئێستا کارەکانی وەزارەتی پەروەردە بەشێوەی ئەلکترۆنی ئەنجام دەدرێن و کاروباری هاووڵاتییانیش بەو شێوەیە ڕایی دەکرێت.
دکتۆر سەیوان فەرەج گوتیشی: ئێستا هەر هاووڵاتییەک لە وەزارەتی پەروەردە مامەڵەیەکی هەبێت لەڕێگەی ئەلکترۆنی بەدواداچوونی بۆ دەکات بەکوێ گەیشتووە و چۆن کاری لەسەر کراوە و وەڵامەکەشی چۆنە، پێویست ناکات سەردانی وەزارەت بکات، ئەمەش هەم کارئاسانییە بۆ هاووڵاتییان هەم قەرەبالغی لە وەزارەت دروست نابێت، بۆیە ئێستا کارەکان زۆر بەباشی بەڕێوە دەچن.
بڵند ئیبراهیم




