جێگری پارێزگار: بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو ئامادەکاری کراوە

جێگری پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ھەموو ئامادەکارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو کراون، تیمی فریاکەوتن و بەھاناوەچوونیش ئامادە دەکرێت بۆ ھەر ئەگەرێک لە کاتی پێویست.
مەسعوود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: بەگوێرەی پێشبینی کەشناسی ئەمساڵ ڕێژەیەکی زۆر باران دەبارێت، ئێمەیش وەک ئیدارەی ھەولێر ئامادەکاری خۆمان دەستپێکردووە و دوێنێ یەکەم کۆبوونەوە بەڕێوەچوو و ھەموو لایەنە پەیوەندارەکانی تێدا بەشداربوون، ژمارەیەک پڕۆژە بۆ ڕێگری لە لافاو جێبەجێ کراون و ژمارەیەکی دیکەش جێبەجێ دەکرێن، ھەڵمەتێک بۆ لادانی زێدەڕۆیی لەسەر ڕێڕەوی ئاوی باران بەڕێوەدەچێت و پێداچوونەوە بە کۆی پڕۆژەکاندا دەکرێت.
جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: تیمی فریاکەوتن دروست دەکرێت و لیژنەیەکی تایبەت سەرپەرشتی ئەو تیمانە دەکات کە تایبەتن بە بەرەنگاربوونەوەی لافاو، ھێڵێکی گەرم ڕادەگەیەندرێت بۆ ئەوەی ھاووڵاتییانی ھەولێر لەکاتی پێویست پەیوەندی پێوە بکەن، ھەموو ئامێر و کەرەستەی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو لەیەک شوێن کۆدەکرێنەوە لە کاتی ھەر ڕووداوێک دەگەیەندرێنە شوێنی دیار کراو.
مەسعوود کاڕەش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: بەشێوەیەک ئامادەکاری کراوە ئەگەر زستانی ئەمساڵ ھەر لافاوێک دروست ببێت بە کەمترین زیان لێی دەرچین، داوای بودجەیەکی تایبەتیشمان کرودوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو، بۆ ئەوەی پارەی پێویست لەکاتی پێویست لەبەر دەست بێت بۆ ئەو شوێنانەی پێویستییان بەپارە ھەیە بۆیان خەرج بکرێت، ئەوەیش ھەنگاوێکی باش دەبێت بۆ ھەر ئەگەرێکی لافاو و هەر کێشەیەک تا کۆنترۆڵ بکرێت.
قائید میرۆ




