٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئامانج مەحموود: زمانی کوردی لە فڕۆکەخانەکانی عێراق بەکار دێت

سەرچاوە: KDP.info

پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشکرایکرد، دوای ھەوڵێکی زۆر توانرا ڕەزامەندی وەرگرن بۆ بەکار ھێنانی زمانی کوردی لەنێو فڕۆکە و فڕۆکەخانەکانی عێراق، گوتیشی: ھەموو ڕێنماییەکان لەپاڵ زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بەزمانی کوردیش دەخوێندرێنەوە.

ئامانج مەحموود، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەگوێرەی دەستووری عێراق زمانی کوردی زمانی فەرمیی دەوڵەتی عێراقە و پێش ساڵێک داواکارییەکم پێشکەش کردووە بۆ بەکارھێنانی زمانی کوردی لەنێو فڕۆکەخانەکانی عێراق و بەر لە شەش مانگ داواکاری دیکەم پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدارکرد، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق  داواکارییەکەی بۆ ھێڵی ئاسمانی ڕەوانە کردبوو، لە وەڵامدا بەڕێوەبەری ھێڵی ئاسمانی ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ بەکارھێنانی زمانی کوردی لەنێو فڕۆکەخانەکانی عێراق.

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: وەرگێڕ دابین کراوە بۆ بەکارھێنانی زمانی کوردی لە نێو فڕۆکەخانەکانی عێراق دوای جێبەجێکردنی ڕێکارەکان ئیدی زمانی کوردیش ھاوشێوەی زمانی عەرەبی و ئینگلیزی کاری پێدەکرێت.

ئامانج مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: تا ئێستا زمانی کورد لەنێو فڕۆکەخانەکانی عێراق نییە و لە قۆناغی یەکەم زمانی کوردی لەنێو فڕۆکە کاری پێدەکرێت، لە قۆناغی دووەمدا لەنێو فڕۆکەخانە جێبەجێ دەکرێت و ھەموو ڕێنمایی و ڕێکارەکانی نێو فڕۆکە و فڕۆکەخانەکانی عێراق بە زمانی کوردی دەخوێندرێنەوە و کاری پێدەکرێت.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار