لەماوەیەکی نزیکدا دەست بە دروستکردنی دووسایدی بەردەڕەش بۆ کەڵەک دەکرێت

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی دھۆک گوتی، ھەموو رێکارەکانی دروستکردنی دووسایدی بەردەڕەش بۆ کەڵەک تەواو بووە و لەماوەیەکی نزیکدا دەست بە دروستکردنی دەکرێت، ھاوکات بەشێوەیەکی زۆر باش دروست دەکرێت کە بەرگەی ھاتووچۆی بارھەڵگر بگرێت و رووداوی ھاتووچۆ کەم بکرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی دھۆک، شێرزاد مەحموود، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پڕۆژەی دروستکردنی رێگای دووسایدی بەردەڕەش بۆ کەڵەک تەندەری ئامادەیە و ئێستا ڕەوانەی وەزارەت کراوە بۆ ئەوەی رابگەیەندرێت، کە درێژی رێگاکە 35کم دەبێت بەشێوەیەک دروست دەکرێت کە بەرگەی ھاتووچۆی بەرھەڵگر بگرێت و ئۆڤەرپاسیشی تێدا دەبێت، بۆیە ئەو رێگایە زۆر گرنگە و دەبێتە ھۆی ئەوەی رووداوی ھاتووچۆ کەمبێتەوە و بەزووترین کات دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
شێرزاد مەحموود گوتیشی: "پلانمان ھەیە رێگاکە بەشێوەیەک دروست بکرێت کە لەخزمەت ھاووڵاتیان بێت و نەکەوێتە سەر رێگای گشتی و گوندەکان بۆ ئەوەی تووشی رووداو نەبن لەو رێگایانە، بۆیە ھەوڵدەدەین بەزووترین کات دەست بە دروستکردنی رێگاکە بکرێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتیان".
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی 80 ملیار دینار داوە بۆ دروستکردنی رێگای دووسایدی بەردەڕەش بۆ کەڵەک، کە رێگایەکی ستراتیژییە و ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر پێدا ھاتووچۆ دەکەن.
بڵند ئیبراھیم




