"تیمێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرەنسا بۆتە جێگەی سەرنجی بەشداربووانی چالاکییەکی نێودەوڵەتی"

فەرەنسا _KDP.info_ سەرۆکی تیمی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەشداریکردن لە چالاکی وەرزشی ئاسمانی لە وڵاتی فەرەنسا گوتی: وەکو تیمی وەزارەتی پێشمەرگە بەناوی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەشداریمان لە چالاکییەکی وەرزشی ئاسمانی لە وڵاتی فەرەنسا کردووە و بووینەتە جێی سەرنجی زۆرینەی بەشداربووان.
سەرۆکی تیمی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەشداریکردن لە چالاکی وەرزشی ئاسمانی لە وڵاتی فەرەنسا، دادوەر کوردەوان نەقشبەندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پەرەشووتەوانی تیمی وەزارەتی پێشمەرگە هاتووین بۆ بەشداریکردن لە گەورەترین چالاکی وەرزشی ئاسمانی، ئەو وەرزشانەی تایبەتە بەئاسمان وەکو پەرەگلایدەرە، پەرە مانتۆر، بالۆن و سەرجەم چالاکییەکانی تری تایبەت بەم بوارە ، ئێمەیش وەکو تیمی وەزارەتی پێشمەرگە چوار کەس بەشداریمان کردووە، لە 19ی مانگەوە دەستی پێکردووە و لە 24ی مانگ کۆتایی دێت، ڕۆژانە نمایش ئەنجام دەدرێت چونکە کەش و هەوایەکە گونجاوە، ئێمە وەکو تیمی کوردستان بوینەتە جێی سەرنجی زۆرینەی بەشداربووان، شایانی باسە ئەو ئازایەتییەی پێشمەرگە نواندی لە شەڕی داعش زیاتر ناوی پێشمەرگەی ناساندووە و ئێمەیش بەناوی پێشمەرگە و بەناوی کوردستان فڕینەکانمان ئەنجامداوە. لە پەرەشوتەکان ناوی پێشمەرگە و کوردستان نووسراوە، بۆیە لەدوورەوە دێن پرسیارمان لێ دەکەن ئاخۆ ئێمە پێشمەرگەین، ئێمەیش بەشانازییەوە دەڵین بەڵێ.
دادوەر کوردەوان نەقشبەندی گوتیشی: ئەم چالاکییە ساڵانە ئەنجام دەدرێت و ئەمساڵ یوبیلی زێڕینیان بوو، لە پەنجا ساڵەی دووبارەبوونەوەی ئەم چالاکیەدا لە فەرەنسا زیاتر لە 178وڵاتئامادەبوون و بەشداری نمایشیان کرد لە فڕین، هەر چەندە نمایشەکان زیاتر وەرزشین بەڵام بوونی ئێمە لێرە زیاتر ناساندنی کوردستان و پێشمەرگە و وەرزشی ئاسمانیمانە، چونکە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ بەشداربووان دروست کردووە، ئەوانیش بەشێکی زۆریان زانیارییان لەسەر کوردستان و پێشمەرگە هەبوو، ئێمەش بەردەوام دەبین لەسەر نمایشەکان و ئومێد دەکەین بەسەلامەت بگەرێینەوە بۆ کوردستان.
بڵند ئیبراهیم




