ھەموو پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان پشکی خانەوادەی شەھیدانی تێدا دەبێت

بەرپرسێکی دەستەی گشتی وەبەرھێنان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەمەودوا ھەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە کەرتی وەبەرھێنان جێبەجێ بکرێت پشکی خانەوادەی شەھیدانی تێدا دەبێت و ژمارەیەک شوقە یان خانوو بۆ خێزانی شەھیدان تەرخان دەکرێن.
د. ھەڤاڵ ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆک بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: بەگوێرەی بڕیاری دەستەی گشتی وەبەرھێنان لەمەودوا ھەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە کەرتی وەبەرھێنان مۆڵەتی پێبدرێت و جێبەجێ بکرێت پشکی خانەوادەی شەھیدانی تێدا دەبێت، واتە لە نێو پڕۆژەکە ژمارەیەک خانوو یان شوقە لەو پڕۆژەیە بۆ کەسوکاری شەھیدان تەرخان دەکرێن و ڕادەستی وەزارەتی پەیوەندیدار دەکرێن.
بەرپرسەکەی وەبەرھێنان گوتیشی: ئەو پڕۆژانەی دوای دەرچوونی ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکرێن پشکی شەھیدانیان تێدا دەبێت، ئەمەیش لەپێناو خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدانە بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆیان.
د.ھەڤاڵ ئاکرەیی ڕوونی کردەوە: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو کات ھەوڵی داوە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خانەوادەی شەھیدان دابین بکات، ئەو ھەنگاوەی ئێستاش یەکێکە لەو ڕێگایانەی دەمانەوێ خزمەتی خانەوادەی شەھیدان بکەین و پشکیان ھەبێت لە پڕۆژەکان.
قائید میرۆ




