نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا: تێڕوانین و سیاسەتی هەرێم دەگەیەنینە پەرلەمانی ئەوروپا

ئەوروپا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا گوتی: زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دەدەین بە مەبەستی گەیاندنی تێروانین و سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: یەکێتی ئەوروپا یەکێکە لە هاوبەشە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، ناوە ناوە شاندی فەرمیی یەکێتی ئەوروپا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە لای ئەوان گرنگە لەو گۆڕانکاری و بارودۆخانەی هەنە لە نزیکەوە ئاگاداربن، بە لای یەکێتی ئەوروپا زۆر گرنگە پەیوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان باش بێت و پەیوەندی تەندروست لە نێوان هەردوولا دەبێتە هۆکاری گەڕانەوەی سەقامگیری سیاسی بۆ عێراق و بە ناڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر عێراق بە گشتی و یەکێتی ئەوروپاش، ئەگەر بێت و بارودۆخەکە بە ئاقارێکی خراپ دا بڕوات کاریگەری خراپی لەسەر یەکێتی ئەوروپاش دەبێت.
دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: بڕیارە ئەم هەفتەیە زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام بدەین لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی گەیاندنی تێروانین و سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم وبەغدا.
بڵند ئیبراهیم




