ئەمڕۆ ٥٤ ساڵ بەسەر کارەساتی گوندی سۆریا تێدەپەڕێت

بەر لە ٥٤ ساڵ ھێزەکانی رژێمی عێراق کۆمەڵکوژیان لە گوندی سۆریای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجامدا و تێیدا ٧٠ ھاووڵاتی کریستیان و موسڵمان شەھید و برینداربوون، شایەتحاڵێکی رووداوەکەش دەڵێ: کارەساتەکە ھێندە جەرگ بڕ بوو بۆ ئێمە، ئێستاش ساڵانە یادی دەکەینەوە.
ئەلکسا گریانا، کەسایەتی کریستیانی گوندی سۆریا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ڕۆژی ١٦ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦٩ گوندی سۆریا لەژێر دەستەڵاتی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق بوو لەو ڕۆژەدا ھێزێکی سەربازی ڕژێمی عێراق لە گوندی سۆریا بوو کاتێک لە گوند چوونە دەرەوە بۆمبێک بە کاروانەکایاندا تەقییەوە، ھێزەکەی ڕژێم گەڕانەوە نێو گوند و خەڵکی گوندیان بە کریستیان و موسڵمانەوە کۆکردەوە و گوندەکەمانیان بەوە تۆمەتبارکرد زانیاریان نەداوە بە ڕژێم لەبارەی ھەبوونی بۆمبی چێندراو.
ئەو کەسایەتیەی کریستیان دەشڵێت: من تەمەنم ١٦ ساڵ بوو، ئەو ڕۆژە ھەموو شتێکم بەچاوی خۆم بینی، قەشە لە گوندی ئێمە بوو، ئەفسەرێکی حکوومەتی عێراق خەڵکی گوندی سۆریای دایە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامدا ٣٩ ھاووڵاتی سڤیل شەھیدبوون کە ٢٥یان کریستیان و ١٤یشیان موسڵمان بوون، چونکە گوندی سۆریا لە ھەردوو پێکھاتەی کریستیان و موسڵمان پێکهاتبوو، ٣٧ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەلکسا گریانا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەوەی بەسەر گوندی ئێمە ھات کارەستێکی بێوێنەبوو لە مێژووی کوردستان، چونکە زۆربەی خەڵکی گوند کۆمەڵکوژ کران و ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە بەیەکجاری خەڵتانی خوێن بوون، ئێستاش کە ٥٤ ساڵ بەسەر کارەساتی گوندی سۆریا تێپەڕیوە ئەمە ساڵانە ئەو یادە زیندوو ڕادەگرین.
قائید میرۆ




