٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی: ئەمڕۆ لەگەڵ فراکسیۆنەکان دوو پرسی گرنگمان تاووتوێکرد

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا_KDP.info_ جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: ئەمڕۆ لە چوارچێوەی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و گفتوگۆیان لەگەڵ حکوومەتی عێرق و لایەنەکان، ئێمەش سەردانی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانمان کرد و لەگەڵیان دانیشتنمان سازکرد و لەبارەی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان کرد،  هەموو فراکسیۆنەکان هاوڕابوون و ئەنجامەکەشی باش بوو.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، مەریوان قەرەنی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا لایەنە کوردییەکانی لەسەر دوو پرس گفتوگۆمان کرد، یەکەم لەبارەی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، دووەمیش لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، لەئەنجامدا هەمووان هاوڕابوون لەسەر هەردوو پرس و هەر ئەمڕۆ سەردانی لایەنە سیاسییەکانمان کرد لە ناو پەرلەمان لەبارەی هەردوو پرس، لە چوارچێوەی سەردانەکانمان  بۆ لای هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، سادیقون، بەدر و لایەنی دیکە داوامان کرد هەڵەبجە خۆی پارێزگایە و پێویستە ئەو یاسایەی لە پەرلەمانە ئەویش پەسەند بکرێت، ئەوانیش هاوڕابوون، بەڵام ئەوانیش چەند قەزایەکیان هەیە گەورەبوونە و داوا دەکەن بکرێنە پارێزگا، بۆیە پێیان باش بوو بەیەک پاکێج کاری لەسەر بکەن.

مەریوان قەرەنی گوتیشی: لەسەر مووچەش ڕایان باش بوو و هاوڕابوون لەگەڵ ئێمە و بڕیارە هاوکارمان بن. شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە بەغدا بەردەوامە لە گفتوگۆ و سەردانەکانی، بۆیە ئەنجامێکی باشی دەبێت و کۆتایی بەو کێشانە دێت، چونکە ئێمە بەوانمان گوت: دەمانەوێت کێشەکان بەجۆرێک چارەسەر بکرێن نەبێتە هۆی کاردانەوەیەک ئێمە ڕێگای دیکە بەکار بێنین، بۆیە پێمان باشە بە هەماهەنگی کێشەکان چارەسەر بکەین، هەموولایەنەکان هاوڕابوون، ناکرێت قوتی خەڵک ببڕدرێت و ڕێگەی برسیکردن بگیرێتە بەر، بۆیە بەگشتی سەردان و گفتوگۆکان باش بوون.

بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار