دەزگای خێرخوازی بارزانی پڕۆژەیەک جێبەجێ دەکات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەڵێ، لەگەڵ چەند سەرمایەدارێک و کۆمپانیا و رێکخراوێکی نێودەوڵەتی، پڕۆژەیەکی تایبەتیان بۆ کەرتی پەروەردە و خوێندن ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکەوتی 14ی ئەیلوولی 2023، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، پڕۆژەیەکی دەزگاکەیان بە هاوکاری چەند سەرمایەدارێک و کۆمپانیا و رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی جانتا، پێنووس، جلوبەرگ و پێداویستییەکانی دیکەی خوێندنیان بۆ هەزاران قوتابی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
ئەوەشی روونکردەوە، کە لەو پڕۆژەدا 20 هەزار سێتی پێدوایستی قوتابخانە کە پێکهاتوون لە جانتا، پێنووس، جلوبەرگ و پێدوایستییەکانی دیکەی خەمڵێندراو بۆ ساڵێکی خوێندنی قوتابیان ئامادەکراون و بەسەر هەزاران قوتابیدا دابەشدەکرێن.
ئاماژەی بەوەشدا، دەزگای خێرخوازی بارزانی هەمیشە گرینگیی بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن داوە و ویستوویەتی هاوکاری قوتابیان بکات و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات، بۆ ئەمساڵیش چەندین پڕۆژەی گرینگیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەرە جێبەجێکردوون.
بە گوتەی سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، توانیویانە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، زیاتر لە 135 ژوور بۆ ناوەندەکانی خوێندن زیاد بکەن، ئەوەش بۆ ئەوەی سێ دەوامی نەمێنێت، وتیشی: "بە سوپاسەوە ژمارەیەک لە سەرمایەدار، کۆمپانیا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو مەبەستە هاوکارمان بوون، کە زیاتر لە دوو ملیار دینار تێچوویان بووە".
موسا ئەحمەد ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە پڕۆژەی ئازیزانی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ماوەی رابردوودا راگەیەندراوە، گرینگیی تایبەتی بۆ کەرتی پەروەردە هەبووە، بەو پێیەی زیاتر لە 16 هەزار قوتابی تێیدا سوودمەند بوون.




