٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەهۆی تەعریب مەترسی نەمانی خوێندنی کوردی لە خانەقین هەیە

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین دەڵێ، مەترسیەکی گەورە لەسەر خوێندنی کوردی هەیە و ساڵ بە ساڵ مەترسییەکان زیاتر دەبێت، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە و زەقترین هۆکاریش جێ بەجێ نەکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراقە.

ئەکبەر حەیدەر بەرپرسی لقی15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ساڵ بە ساڵ خوێندنی کوردی لە سنووری خانەقین ڕوو لە کەمبوونەوەیە و هۆکارەکانیش زۆرن، لەوانە جێ بەجێ نەکردنی مادەی 140 کە پێویست بوو لە ساڵی 2007 ئەو مادەیە جێ بەجێ بکرێت و، چارەنووسی خانەقین یەکلایی بکرێتەوە، کە ئەوە نەکرا، خوێندن لەو ناوچانە گرینگی پێنادرێت و نەیاران هەوڵدەدەن ئەو قوتابخانانەی ماون فشاریان لێ بکەن و لە هەموو روویەکەوە هاوکاریان نابن و بەربەستیان بۆ دروست دەکرێت، ئەمەش وای کردووە دایک و باوکانیش زۆر گرینگی پێنەدەن، بۆ ئەوەی چارەنووسی منداڵەکانیان نەفەوتێت و ئەوانەی دەریشدەچن بە زۆر لە زانکۆکان وەردەگیرێن، یا دانی پێدانانێن، یاخود دانامەزرێن، بەڵام ئەوانەی لە قوتابخانەی عەرەبی بن هەموو کارێکیان بۆ دەکرێت".

ئەکبەر حەیدەر گوتیشی: "کەمبوونەوەی رێژەی قوتابیان بۆ کەمتر لە100قوتابی، ئەوە زەنگی مەترسییە لێ دەدرێت کە خەڵک بێ ئومێد دەکرێت لە خوێندنی کوردی بە تایبەت زانکۆی گەرمیان و کۆلیژی خانەقین، لە دوای ساڵی 2012 ئەو قوتابیانەی لەوێ دەرچوون، دان بە بڕوانامەکەیاندا نانرێت، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە، بۆیە مەترسییەکی زۆر لەسەر خوێندنی کوردی هەیە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە گرینگی پێنادرێت و دژایەتی دەکرێت، بۆ ئەوەی نەمینێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تەعریبە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان".

 

بڵند ئیبراهیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار