٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

شەڕی مافە دەستووری و سرووشتیەكان‌

سەرچاوە: KDP.info

كەریم قادر

شۆڕش و راپەڕینەكانی كورد بێ هۆكار و بێ ئامانج نەبوون، سەرجەمیان لەو غوبنە سەرچاوەیان گرتووە، كە هیچ كاتێك وەك نەتەوەیەكی سەرەكی لە عێراقدا حساب بۆ مافەكانی نەكراوە. بە مانایەكی دیكە خەبات و قوربانییەكان لە پێناو كێشەی گەلێك بووە، كە بێ ویستی خۆی و بێ پرسكردن پێیەوە بە عێراق لكێندراوە. بە رووخانی رژێمی سەدام ئاسۆیەك دەركەوت، كە بە پێی دەستوور‌ و ئەو بنەمایەی عێراقی لەسەر بنیادنرایەوە بە مافە زەوتكراوەكانی ئاشنا بێت، واتە لە دەسەڵات و سەروەت هاوبەش بێت. بەڵام دوای ئەو هەموو خەبات و قوربانییە ئەو عەقڵیەتەی لە بەغدا ئیدارەی دەوڵەت دەكات، نەك دان بەوە دانانێ، كە عێراق لە خاك و نەتەوە و مەزهەبی جوداوە پێكهاتووە، بەڵكو بە رەفتارە دژە یەك بە دوای یەكەكانی بەرامبەر پێكهاتەكانی دی، خەریكە دوا بزمار لە تابوتی عێراق دەدات و بە ناڕاستەخۆ بڕیاری هەڵوەشانەوەی دەدات و حەز دەكەن و جورئەت ناكەن.

نموونەی ئەو عەقڵیەتە زۆرە، كە نوێتریان تێپەڕاندنی بودجە بوو بەو شێوەیەی بینیمان. ئەمەش پێشینەیەكی مەترسیدارە، چونكە مامەڵەكردن لەگەڵ مافەكانی هەرێمی كوردستان بە ژمارە و دەنگدان، بێ گوێدانە بنەماكانی بنیادنانەوەی عێراقی نوێ هەمیشە كورد ماف خوراو دەبێت، ئەمەش مایەی قبوڵ كردن نییە، چونكە هیچ جیاوازییەك نابینین و هەر دەڵێی سەدام ماوە.

لە ئاست ئەم عەقڵیەتە پرسیاری هەرە سەرەكی خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەوەیە: دوای ئەو هەموو قوربانییە ئایا كەسێك هەیە پێشبینی ئەوە بكات جارێكی دیكە قبوڵ بكەین بڕیاری خۆمان بە دەستی خۆمان نەبێت؟

بە پێی دەستوور لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا شەریكین، واتە لە دەسەڵات و ساماندا هاوبەشین. بەڵام ئەو عەقڵیەتە دەیەوێ هەرێمی كوردستان خاوەنی هیچ نەبێت و هیچ هەنگاوێكیش نەنێ بۆ بوژانەوە و پێشكەوتن. هەر چاوی لە مەرحەمەتی بەغدا بێت!! كە جاران ژەهرباران و وێرانكردنی خاك و شێواندنی هاووڵاتی كورد بوو.

ئەو شەڕە لەسەر خاك و مافە داراییەكانی هەرێمی كوردستانە، بە تەنێ‌ شەڕی كەسێك یا حزبێك لەگەڵ عەقلیەتێك نییە، كە دەیەوێ بە شێوازێكی نوێ هەمان سیاسەتی رژێمی پێشوو بەرامبەرت دووبارە بكاتەوە، بەڵكو شەڕی تاك بە تاك و دەزگاكانی راگەیاندنی كوردستانە‌ و پێویستە جیاوازییەكانمان ببێتە خاڵی بەهێزمان نەك كەلێنێك بۆ كرانەوەی گەمەی نەیارانمان.چونكە كە گوێبیستی لێدوانی عەقڵیەتی ئەو بازنەیە دەبین هەست دەكەی لە لایانەوە هەوڵیك هەیە بۆ دابڕاندنمان لە عێراق.

دڵنیام سەختە ئەو عێراقە بەو شێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر تەسەوریان ئەوەیە بەو سیاسەتە هیچ سەریەشەیان بۆ دروست نابێت، زۆر سەر چیخ چوونە، چونكە مەحاڵە كوردستان لە هەنگاوی سەربەخۆ لە بڕیارداندا پاشەكشە بكات‌ و مەحاڵە دوای ئەو هەموو قوربانی و گۆڕانكارییانەی روویانداوە و روودەدەن دەست لە بستێك لە خاكی بە خوێن سووربووی خۆی هەڵگرێ.

هەواڵی پەیوەندیدار