"ڕێککەوتنی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی سوودی زۆری بەدوادا دێ"

هەولێر_KDP.info_ گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتننامەیەک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک لەنێوان دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی و دەستەی وەبەرهێنان واژۆ کرا، ئەم ڕێککەوتننامەیە سودێکی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان هەیە بەتایبەت لە ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە ئامانجی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئامانج لە ڕێککەوتنی نێوان دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی و دەستەی وەبەرهێنان پاڵپشتیکردنی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانە، ئەم رێککەوتنە گرنگی بە چارەسەرکردنی بەربەستە بنەڕەتییەکان دەدات بۆ زیادکردنی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە و بۆ یەکەم جارە ڕێککەوتنێکی لەم جۆرە لە هەموو کەرتەکاندا واژوو دەکرێت بەتایبەت لەکەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی دەتواندرێت ئەو دامەزراوەیە وەکو پاڵپشتێکی دارایی ببیندرێت هەر وەک لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە.
بەرگەشت ئاکرەی گوتیشی: جگە لەوەش یەکێکی دیکە لە سوودەکانی ئەو ڕێککەوتنە زیادکردنی وەبەرهێنانی بیانییە کە بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، زۆر لە ڕێکار و ئاسانکاری هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی بیانی بێن وەبەرهێنان بکەن، بۆیە ئەمە هاوکار دەبێت وەبەرهێنەری بیانی زیاتر بێن لە هەرێمی کوردستان کاربکەن و قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی زیادبکرێت.
ئاکرەیی باسی لەوەشکرد: بابەتێکی دیکە کە سوودی هەیە ئەویش هەمەچەشنکردنی ئابوورییە ئەو ڕێککەوتنە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بە هەمەچەشنکردنی کەرتەکانی وەبەرهێنان، بەتایبەت لەو کەرتانەی کەمتر وەبەرهێنانیان لێ دەکرێت.
لەلایێکی تر ڕێکخستنەوەی پرۆسەکان لە پێدانی مۆڵەت کە زۆر جار گلەیی لەوە دەکرێت ڕۆتینیات هەیە، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی یەکپەنجەرەیی لە دامەزراوەکانی حکوومەت رۆتینیات کەمتر دەبێت، ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕۆتینیات کەمبێتەوە.
گوتیشی: خاڵی هەرە گرنگیش ئەوەیە وەبەرهێنەرانی بیانی ڕاکێشین بۆ هەرێمی کوردستان، یەکێکی دیکە لە خاڵەکان ئەوەیە لە ڕێگەی دامەزراوەی ئابووری نێودەوڵەتی مەشق و ڕاهێنان بە فەرمانگە حکوومیەکان بکرێت، بەتایبەت لە دەستەی وەبەرهێنان لە بواری کارگێڕی و ڕاییکردنی مامەڵەکانی وەبەرهێنان بۆ ئەوەی کارئاسانیان بۆ بکرێت، بۆیە ئەمە دەستکەوتێکە بۆ دەستەی وەبەرهێنان وکابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراهیم




